لە مانگی كانوونی دووەمدا گۆڕانكاری لە هێنانەناوەوەی بڕ و جۆری ئەو خواردن و پێداویستیانەدا دەكرێت كە لە دەرەوە دەهێندرێتە شاری سلێمانی و بەپێی خواستی هاوڵاتیان رێكدەخرێ .
ڕزگار حەمە خدر جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ مانگی 12 بە لەبەر چاوگرتنی پرۆژەكانی ناوخۆ و پێداویستی و خواستی هاوڵاتیان، لە سنوری پارێزگەی سلێمانی رێگە بە هاتنەناوەوەی 500 تۆن مریشكی بەستوو و 400 تۆن ماسی و 3500 تۆن عەلەف دەدرێت.
روونی كردەوە، “هاتنە ناوەوەی گۆشتی سوور و هێلكەی خواردنیش بە شێوەیەكی كراوە دەبێت واتە بەپێی خواستی و پێویستی هاوڵاتیان رێگە بە هاتنەناوەوەی دەدرێت”.
زیاتر گوتی، “بڕیاردراوە لەم مانگەدا لەبەر هەبوونی هێلكەی پێویست، رێگە بە هاوردە كردنی هێلكەی ترووكاندن نەدرێت.”
بەپێی ئامارێكی لێژنەی دیاریی كردنی بەروبوومی ناوخۆیی و دەرەكی پارێزگەی سلێمانی لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا لە عەلوەی سلێمانی (101) هەزار تۆن سەوزە لە بازاڕدا ساخ كراوەتەوە كە لەو بڕە 50% بەروبومی ناوخۆیی بووە، هەروەها 53 تۆن میووە ساخ كراوەتەوە، كە نزیكەی 20% بەروبوومی ناوخۆیی بووە و لە ماوەی مانگی (8 تا 10) دا بەپێی گۆڕانكاری وەرز بەروبوومی ناوخۆیی لە 80% پێداویستی بازاڕی دابین كردووە.