ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە هەوڵی چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانی عەلوەكەی سلێمانیدایە بۆ نەهێنانی بەروبومی دەرەوە و ساغكردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكان و زیادكردنی و نە هێشتنی قۆرغ كاری لە هێنانی بەروبومە كشتوكاڵییەكاندا .
لەژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاوات محەمەد قایمقایمی سلێمانی و سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و فەرەیدون عومە بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی و نوێنەری لیژنەی سەندیكای عەلوەی سلێمانی كۆبونەوە تیایدا باس لەهاوردەكردنی ئەو بەروبومانەكرا كە دەهێنرێنە شاری سلێمانیەوە و پێویستە رێگری لێبكرێت بۆ ئەوەی بەروبومی ناوخۆی زیاتربێت ؟.
هەروەها باس لەوەكرا كە نابێت هێنانی بەروبومی كشتوكاڵی لەلایەن چەند بازرگانێكەوە قۆرغ بكرێت بەڵكو هەموو كەسێك بتوانێت بیهێنێت كە لە عەلوەی سلێمانی كاردەكات.
عەتا محەمەد نوێنەری عەلەوەی سلێمانی ڕایگەیاند : لە شاری سلێمانیدا نا عەدالەتی هەیە لە هێنانی هەندێك بەروبومی كشتوكاڵی وەك ترێی ڕەش و قارچك كە بازرگانێك مۆڵەتی پێدراوە و ئەو بەروبومانە دێنێت و بەگران پێمان دەفرۆشێتەوە بۆیە داوادەكەین كە ئێمەش مۆڵەتی هێنانمان پێبدرێت.
عەتا وتیشی” بەرهەمی قارچك تەنها لەشاری هەولێرهەیە و نرخی قۆرغكراوە كە لە 12,000 هەزار كەمتر نایدات و لایەنێك پشگیری دەكات بەڵام بازرگان هەیە بە 9,500 دەتوانێت دابینی بكات بۆیە ئەم دیاردانە بازرگانانی عەلوەكەی بێ هیواكردووە لەكاتێكدا ئەم بێ ئیشیە ڕوی تێكردوین”.
لای خۆشیەوە ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی و فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بەڵێنیاندا ئەوكێشەیە چارەسەربكەن و كاربكەن بۆ نەهێشتنی قۆرغكاری.