لە چوارەم خولی بۆڕسەی ئەم هەفتەیەدا، پێنوێنی سەرەكی بۆڕسەی سعودیە دابەزینێكی گەورەی تۆماركرد، بەم شێوەیەش تەنها زیانەكانی بۆڕسەی سعودیە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەگاتە 800 خاڵ. ئەم دابەزینەش ترسێكی گەورەی لەلای بازرگانانی ئەو بازاڕە داراییە دروستكردووە لە ناجێگیربوونی مامەڵەكردنی پشكەكانیدا.
بەهۆی پشتبەستنی بودجەی سعودیە بە بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوا دابەزینی نرخی نەوت هۆكارێكی سەرەكی دابەزینی بەهای پشكەكانی بۆڕسەی ئەو وڵاتەیە، بە بڕوای بەشێك لە ئابووریناسان دابەزینی بەهای پشكەكانی بۆڕسەی ئەو وڵاتە تەنها نابێتە هۆكاری مایەپوچبوونی بەشێك لە سەرمایەدارەكانی ئەو وڵاتە، بەڵكو بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاردەكاتە سەر لاوازبوونی ئەدای ئابووریی سعودیە، ئەویش بەهۆی زۆربوونی خەرجییەكانی ئەو وڵاتە لەسەر پڕۆژە ستراتیژییەكان، كە پەیوەندیدارە بە ژێرخانی ئابوورییەوە.
دابەزینی نرخی نەوت دەبێتە هۆی كورتهێنانی بودجەی ئەو وڵاتەو لاوازكردنی بەپارەداركردنی پڕۆژەكانی ژێرخانی ئابووری، بۆیە لە ئێستادا بەشێك لە ئابووریناسانی ئەو وڵاتە پێشبینی دەكەن كە هەندێ لە پڕۆژەكانی ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتە رابوەستێت.
لەلایەكی دیكەوە بەشێك لە شرۆڤەكارانی ئابووری پێشبینی دەكەن كە حكومەتی ئەو وڵاتە پەنا بەرێتە بەر كشانەوەی ئەو یەدەگە نەختیانەی كە لەدەرەوەی وڵات هەیەتی بەمەبەستی پڕكردنەوەی ئەو كەلێنەی كە لە بودجەی ئەو وڵاتەدا دروستبووە، بەڵام بە بڕوای بەشێكی دیكە لە ئابووریناسان حكومەتی سعودیە پەنا دەباتە بەر بەرزكردنەوەی باج، ئەمەش كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر سەرجەم كەرتە ئابوورییەكانی ئەو وڵاتە بەتایبەتیش كەرتی بانكی ، كە بەهۆی كەمكردنی وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا ئاستی قەرزكردن لە بانكەكانیشدا دادەبەزێت، هەروەها بەهۆی بوونی پەیوەندییەكی راستەوانە لەنێوان نرخی نەوت و كەرتی پیترۆكیمیاویات، ئەوا دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر كەرتی پیترۆكیماویاتی ئەو وڵاتە، كە دەبێتە هۆی بەرزبوونی تێچوونی كۆمپانیاكانی نەوت لەو وڵاتەدا.