لە بڕیارێكی تایبەتدا و پاش بیست ساڵ، لیژنەی دادی نێودەوڵەتی ئەوەی بەسەر ئیسرائیلدا سەپاند كە دەبێت بڕی (50) ملیۆن دۆلاری ئەمریكی وەك قەرەبوو بدات بە ئێران.
رۆژنامەی (The Marker)ی تایبەت بە ئابوری كە سەر بە رۆژنانەی (هائارێست)ی بەناوبانگی ئیسرائیلیە دەڵێت: نزیكەی ساڵێكە لیژنە نێودەوڵەتییەكە گەشتوون بەو بڕیارە، بەڵام ئاشكرایان نەكردووە.
ئەو قەرەبووە لە بری ئەو كەلوپەل و نەوتەی ئێراندایە، كە لە كاتی هاتنە سەردەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی لە ئیسرائیلدا بوون و ئەو وڵاتە دەستی بەسەردا گرتوون.
هەرچەند ئێران بڕی ئەو كەلوپەل و نەوتە بە (800) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێت، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت بڕیارەكە ئیستیئناف بكاتەوە.
بە پێی رێكەوتنی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە زەمەنی شادا بۆ دروستكردنی هێڵی گواستنەوەی نەوتی (ئیلات-ئەشكەلۆن)، لە كاتی دروستبوونی هەركێشەیەك لەو پرۆژەیەدا، ئەوا دادگای ئێران بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە دەدات بە مەرجی ئەوەی دادوەرێكی ئیسرائیلیش لە لیژنە دادوەرییەكەدا هەبێت، بەڵام ئیسرائیل كار بەو پەیماننامەیە ناكات.
كاتێك كە رژێمی شاهەنشایی لە ئێران رووخاو كۆماری ئیسلامیی دروستكرا، ئیسرائیل دەستی گرت بەسەر كەشتییەكی گواستنەوەی نەوتی ئێرانی و بارەكەی كە ئەوكات بە بەهای (120) ملیۆن دۆلار خەمڵێنرا، لەگەلً تەواوی كەلوپەلی كۆمپانیا ئێرانییەكان كەلەسەر هێڵی گواستنەوەی نەوتی (ئیلات-ئەشكەلۆن) كاریان دەكرد، تا ئێستا چەند جارێك ئێران داوای گەڕاندنەوەی پارەكەی كردووە، بەڵام ئیسرائیل ئامادە نییە بیگێڕێتەوە.
ئەو هێڵە، بڕیار بوو نەوتی ئێران لە بەندەری ئیلات لەسەر دەریای سور بە نێو خاكی ئیسرائیلدا بگوێزێتەوە بۆ بەندەری ئەشكەلۆن (عەسقەلان) لەسەر دەریای سپی، ئەویش لەبەر ئەوەی ئێران ناچار نەبێت كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی بە كەناڵی سوێسی میسریدا بگوێزێتەوە، بەڵام پاش رووخانی شا، ئیسرائیل دەستی بەسەر پرۆژەكە و سەرمایەی پرۆژەكەشدا گرت.