بەهاوكاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژوری بازرگانی ستۆكۆڵم قۆناغی سێهەمی پرۆگرامی( مەنتۆر و مەنتیز) لە ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەستیپێكردەوە و بڕیاریشە بۆماوەی دوو رۆژ بەردەوامبێت.
پرۆگرامەكە یەكێكە لە چالاكییە هاوبەشەكانی نێوان ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ستۆكهۆڵم كە بەپێی پرۆتۆكۆلێكی واژوكراوی نێوانیان ئەنجامدەدرێت و لەلایەن لوسیا فۆشبەری داهێنەری پرۆگرامەكەوە دەوترێتەوە .
نیگار ئیبراهیم جاوید كە خاوەنی بیرۆكەی هێنانی پرۆگرامەكەیە بۆ شاری سلێمانی بە سایتی ژوری بازرگانی سلێمانی راگەیاند :جگە لەو پرۆگرامە بەنیازن كورتە فیلمێكی دیكیۆمێنتەری سەبارەت بە ژینگە لە شاری سلێمانی ئەنجامبدەن كە ژوری بازرگانی یۆتۆبۆری سپۆنسەری دەكات و لەلایەن جوهان ئارس بلاد-ەوە كاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجامدەدرێت .
( مەنتۆر و مەنتیز) پرۆگرامێكی جیهانییە بۆ پێگەیاندنی راوێژكار لە سەرجەم بوارەكانی ژیاندا سودی لێوەردەگیرێت و بۆیەكەمین جارە لە هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوراستدا لەشاری سلێمانی ئەو پرۆگرامە دەوترێتەوە.
تانیا كەمال بەڕێوەبەری رێكخراوی راسان بە سایتی ژوری بازرگانی سلێمانی راگەیاند: سێ قۆناغی پرۆگۆامەكە پێكهاتوە لە ئامادەكاری و بەشداربوانیش بەسەر سێ گروپدا جێبەجێ كراوە كە گروپی یەكەم(لیدەر)ن و گروپی دوەم (مەنتۆر) و گروپی سییەمیش (مەنتیز)ن.
تانیا كەمال وتیشی : بەشداربوانی پرۆگرامەكە لەسەرجەم بوارەكانی ژیاندا وەك كادری راوێژكاری سودیان لێوەردەگیرێت .
نیگار ئیبراهیم جاوید ئاماژەی بەوەشدا كە لە پرۆگرامەكەدا چەند نوێنەرێكی وەزارەتی پەروەردە بەشدارن تاوەكو لە داهاتودا پرۆگرامە لەناو سیستەمی پەروەردەدا سودیلێوەربگیرێت.