“هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە” كەمترین موچەی خانەنشینی لەعیراق دەبێتە 400 هەزار دینار

بەوتەی پەرلەمانتارێكی عیراق لەداهاتوویەكی نزیكدا كەمترین موچەی خانەنشین دەبێتە 400 هەزار دینار، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمیش دەڵێت هەر بڕیارێك پەرلەمان و وەزارەتی دارایی عیراق پەسەندی بكەن ئێمەش جێبەجێی دەكەین.
تۆڕی میدیای عیراقی نیمچە رەسمی لەزاری ناهیدە داینی ئەندامی لیژنەی ئابووری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە بڵاویكردەوە: لەرۆژانی داهاتوودا یاسای یەكخراوی خانەنشینی پێشكەشی پەرلەمان دەكرێت.
روونیشیكردەوە:  “بەپێی ئەو یاسا یەكخراوە كەمترین موچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار دەبێت”.
لای خۆیشەوە دلێر تارق وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند: هەر بڕیارو پرۆژەبڕیارێك لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران یان وەزارەتی دارایی عیراقەوە پەسەندبكرێت، ئەوا وەزارەتی دارایی هەرێم جێبەجێی دەكات.
ئەندامەكەی لیژنەی ئابووری لەپەرلەمانی عیراق پێشبینی كرد هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی بودجەی گشتی ساڵی 2013دا ئەم یاسایەش پەسەندبكرێت.
سەرچاوە : نها 24