پارێزگار، پرۆژەی نوسینی ناوی سلێمانی لە چیای گۆیژەی بەسەركردەوە

بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی بە یاوەری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەرێوەبەری گشتی  گەشتوگوزاری سلێمانی و وەبەرهێنانی سلێمانی و گەشناسی سلێمانی و بەرێوەبەری باخچەكانی سلێمانی، پرۆژەی نوسینی ناوی سلێمانی لەسەر چیای گۆیژەی بەسەركردەوە.
لەبەسەركردنەوەكەدا پارێزگار  لە چۆنێتی  راپەراندی كارەكانی پرۆژەكەو  قۆناغەكانی جێ‌ بەجێ‌ كردن و كێشەكانی پرۆژەكەی پرسیەوەو  چەندین رێنمای دا بە ستافی جێ‌ بەجێ‌ كردنی پرۆژەكە بۆ ئەوەی  بەباشترین شێوەو لەماوەیەكی دیاریكراودا پرۆژەكە  تەواو بكرێت.
پرۆژەی  نوسینی ناوی سلێمانی لەسەر چیای گۆیژە، بریتیە لە نوسینی ناوی سلێمانی بە قەبارەیەكی گەورە و بە پیتی لاتینی لەسەر چیای گۆیژەی سلێمانی بەجۆرێك نوسینەكە  لە دورترین شوێنی سلێمانییەوە دەردەكەوێت و بەتەنیشتیشەوە   بەهەمان شێوە  وێنەی ئاڵای كوردستان لەسەر چیاكە دەنەخشێنرێت.
پرۆژەكە بەشێوەی  جێ‌ بەجێ‌ كردنی راستەوخۆ لەلایەن پارێزگای سلێمانی و شارەوانی سلێمانییەوە جێ‌ بەجێ‌ دەكرێت لە ئێستادا كاركردن لە پرۆژەكەدا بەردەوامە و بریارە لەماوەیەكی نزیكدا  كارەكانی تەواو بكرێت.
هاوكات پارێزگاری سلێمانی چەند هەڵمەتێكی نەمام چاندنی بەسەركردەوەو بەشداری كرد لە هەڵمەتەكاندا  لەوانەش چاندنی نەمام لە شەقامی  قولەرەیسی و  بەكرەجۆ.