پرۆژە ستراتیژییەكان لە رێگەی قەرزی درێژخایەنەوە جێ‌ بەجێ‌ دەكرێن

حكومەتی هەرێمی كوردستان  و كۆمپانیایەكی بریتانی لەرێكەوتن نزیك دەبنەوە بۆ جێ‌ بەجێ‌ كردنی چەند پرۆژەیەكی ستراتیژی سلێمانی  بەشێوەی قەرز و وەزیری شارەوانیش رایدەگەیەنێت  هەوڵدەدەن هەندێك پرۆژە گرنگ و خزمەتگوزارییەكان لەرێگەی وەبەرهێنانەوە ئەنجام بدەن.
لە كۆبوونەوە یەكدا كە بەسەرپەرەشتی  نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان  و  بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی  بریكاری وەزیری شارەوانی و بەرێوەبەر و لێپرسراوانی وەزارەتی شارەوانی لەسلێمانی و ستافێك لە بەرێوەبەرە گشتیەكانی دیوانی وەزارەت  لە دیوانی پارێزگای سلێمانی بەرێوەچوو، 
بە وردی گفتوگۆ كرا لەبارەی ئیش وكارەكانی وەزارەتی شارەوانی لە پارێزگای سلێمانی و  ئەو كێشەو گرفتانەی رووبەرووی فەرمانگەكانی ئەو وەزارەتە بوونەتەوە.
لەرووەوە  كێشەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و كێشەی زیادەڕەوی و قەرەبووی زەوی  و ئەو ئاستەنگانەی یاسا و رێنمایەكان دروستیان كردووەو  چەندین بابەتی تر بەوردی خرانە بەر باس.
لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی پێشنیاری كرد  وەبەرهێنان ئاراستەی كەرتە خزمەتگوزارییەكانی وەك دابینكردنی ئاوی خواردنەوەش بكرێت و تەئكیدی كردەوە  باشترین رێگەچارە بۆ كەمكردنەوەی كێشەی كەمئاوی و هەندێك خزمەتگوزارییەكانی تر  ئاراستەكردنی كەرتی تایبەتە بەرەو وەبەرهێنان لەو كەرتەدا، وەزیری شارەوانیش وێرای  پشگیری لە پێشنیارەكە  رایگەیاند  لەهەوڵدان و بۆچوونیان وایە  هەندێك پرۆژە گرنگ و خزمەتگوزارییەكان لەرێگەی وەبەرهێنانەوە یان بەشێوەی قەرزی درێژ خایەن  ئەنجام بدەن، بەتایبەت ئەو پرۆژانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی تەئكیدی لە دابەزاندنی دەسەڵاتەكان و زیاتر چەسپاندنی سیستمی لامەركەزی ئیداری كردەوە.
 لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا راگەیاندرا  سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی  گفتوگۆیان لەگەڵ كۆمپانیای  (بای وەتەر)ی بریتانی كردووە  بۆ جێ‌ بەجێ‌ كردنی پرۆژەی چارەسەركردن و ریسایكلینی  ئاوی قورس(ئاوەڕۆی) سلێمانی  و راكێشانی هێڵكی نوێی ئاو لە دوكانەوە بۆ سلێمانی  و گفتوگۆكانیش بەرەوپێشچوونیان بەخۆیەوە دیووە و  گەیشتوونەتە جۆرێك لە رێكەوتن.
لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی ئەوەی بە موژدەیەكی خۆش وەسف كرد.
جێگەی باسە پرۆژەی هێڵی نوێی ئاوی سلێمانی و چارەسەری ئاوی قورسی سلێمانی پێشتر لە لایەن پارێزگای سلێمانییەوە تەواوی پرۆپۆزەڵی ئامادەكراوەو لەگەڵ كۆمپانیای بای وەتەری بریتانی گفتوگۆكراوە بۆ جێ‌ بەجێ‌ كردنی بە شێوەی قەرزی درێژخایەن و پاشان ئاراستەی  لە ئەنجومەنی وەزیران كراوە، گرنگی ئەو پرۆژەیە لەوەدایە ئاوی سلێمانی دەكات بە 24 كاتژمێر و پێویستی ماڵان بە تەنكی نامێنێت، هەروەها ئاوی قورسی سلێمانی كە بووتە گرفتێكی ژینگەی چارەسەر دەكات دووبارە بۆ ئاودانی پاركەكان بەكاردێتەوەو بەوەش رێژەی سەوزای زیاد دەبێت.