زیانه‌ ئابورییه‌كانی كۆبانێ

ماوه‌ی‌ زیاتر ‌له‌ساڵێكه‌ شه‌ڕی رێكخراوه‌ ئیسلامییه‌كان‌و داعش له‌گه‌ڵ كورده‌كان له‌كۆبانێ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، به‌ڵام له‌12 سێپته‌مبه‌ری‌ 2014وه‌ هێرش‌و و گه‌مارۆدانی ئه‌و شاره‌ ده‌ستی پێكردو 384 گوندو هه‌ندێ له‌ده‌وروبه‌ری‌ شاری كۆبانێ كه‌وته‌ ده‌ست داعش، ئه‌مه‌ش زیانێكی زۆری ئابوری‌ لێكه‌وته‌وه‌.
ئه‌و هێرش‌و گه‌مارۆیه‌ی سه‌ر كۆبانێ چه‌ند لێكه‌وته‌یه‌كی ئابوری‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا، یه‌كه‌م زیاتر له‌ 400 هه‌زار دانیشتوانی ناوو ده‌وربه‌ری‌ شاره‌كه‌ ره‌ویان كردو ئاواره‌بوون، به‌تایبه‌ت له‌15ی سیپته‌به‌ره‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ 200 هه‌زار له‌و خه‌ڵكه‌ له‌ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌دا ئاواره‌بوون.
دووه‌م كۆبانێ خه‌تی پێگه‌یشتی‌و په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو ناوچه‌ی‌ جه‌زیره‌و عه‌فرینه‌، بۆیه‌ به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌ بازرگانییه‌كان‌و ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌ نێوان ئه‌و شارانه‌ وه‌ستا، هاوكات ئه‌و هێڵانه‌ی گه‌یشتن‌و رێگاوبانه‌كانیش وه‌ستاوه‌ كه‌ كۆبانێ گرێده‌داته‌ هه‌موو ناوه‌چه‌ سورییه‌كان‌و ده‌وڵه‌تانی دراوسێوه‌.
سێیه‌م دزرانی سامانێكی زۆری ئاژه‌ڵ كه‌ به‌زیاتر له‌ 25 هه‌زار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ هه‌مووی به‌یه‌كجار دزراو گواسترایه‌وه‌ بۆ پارێزگای‌ رقه‌و گونده‌كانی‌ حه‌له‌ب، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ زۆری كرده‌ سه‌ر به‌رهه‌می شیرو په‌نیرو ماست‌و خوری‌‌و گوشت، به‌ڕێژه‌یه‌ك كه‌ له‌ئاستی‌ سفر كه‌مبووه‌ته‌وه‌.
چواره‌م هه‌ر له‌ئه‌نجامی ئه‌و هێرشانه‌دا هه‌ردوو كۆمپانیای لافارجی فه‌ڕه‌نسی‌و گۆریشی توركی بۆ پیشه‌سازی چیمه‌نتۆ روخێنران كه‌ ئه‌و دوو كۆمپانیا به‌گه‌وره‌ترین كۆمپانیای پیشه‌سازی ناوچه‌ی‌ كۆبانێ داده‌نرا.
پێنجه‌م پیشه‌سازی ئۆتۆمبیلی‌ حه‌فاره‌ روبه‌ڕووی‌ تاڵانكردن‌و دزی‌و بووه‌وه‌و پرۆسه‌ی چاڵكردن به‌گشتی وه‌ستا له‌و ناوچه‌یه‌، هاوكات هه‌موو ئه‌و گوندانه‌ روبه‌ڕووی‌ سوتان‌و تاڵانكردن‌و وێرانكاری‌ بوونه‌وه‌ له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌.
شه‌شه‌م هه‌موو شاری كۆبانێ‌و ئه‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ نۆژه‌نكرابوونه‌وه‌ له‌ئه‌نجامی بۆردومانی داعش روبه‌ڕووی‌ وێرانكاری بوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ئه‌نجانی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانیانیش بۆ سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ی‌ داعش داگیری كردبوون.
حه‌وته‌م كه‌رتی كشتوكاڵی به‌هه‌مانشێوه‌ وه‌ستاوه‌و روبه‌ڕووی‌ تاڵانی‌و دزی‌و وێرانكاری‌ بووه‌ته‌وه‌، كه‌ روبه‌ری ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییانه‌ به‌75% روبه‌ری‌ زه‌وی هه‌موو كۆبانێ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، كه‌ كشتوكاڵ له‌و ناوچه‌یه‌ رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌ژیانی دانیشتوانه‌كه‌ی‌ به‌ڕاده‌یه‌ك بژێوی سه‌ره‌كی ژیانیانه‌، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ ناوچه‌یه‌كی كشتوكاڵییه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی‌.
هه‌شته‌م لێكه‌وته‌ی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌ره‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كانی وه‌كو ئامێری دروێنه‌و جوتكردن‌و كه‌ره‌سته‌كانی كه‌ڵكی كشتوكاڵی به‌گشتی له‌نابران‌و دزران‌و سوتێنران.
زیانێكی دیكه‌ی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌گشتی له‌ده‌ستدانی سه‌رمیایه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بوو كه‌ ئه‌شته‌مه‌ به‌ئاسانی توانای‌ هه‌ستانه‌وه‌ی‌ هه‌بێت له‌هه‌ر بوارێك له‌و بوارانه‌ی‌ ئابوری‌.
یازده‌هه‌م زیانی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ هه‌موو ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌كانیش روبه‌ڕووی‌ وێرانكاری‌ بوونه‌وه‌ وه‌كو (پیشه‌سازی خۆراكی، جێگای‌ چاككه‌ره‌وه‌كانی كه‌سه‌ته‌ی‌ میكانیكی، ئاسنگه‌ری‌، شوێنی چاككه‌ره‌وه‌ی‌ كه‌ره‌سته‌و ئامێره‌ كاره‌باییه‌كان).
دوازده‌هه‌م هه‌موو كه‌رتی كاره‌با‌و ئاوو ئاوه‌ڕۆی كۆبانێ‌و گونده‌ كوردییه‌كان روبه‌رووی‌ روخان‌و وێرانكاری‌ بووه‌ته‌وه‌.
هه‌روه‌ها خاڵێكی تری وێرانكارییه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خزمه‌تگوزارییه‌كانی خوێندن‌و ته‌ندروستی وه‌ستاوه‌و شوێن‌و سه‌نته‌ره‌كانیان وێرانكران له‌ئه‌نجامی بۆردومانی داعش بۆ ناو شاری كۆبانێ‌و گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌.
چوارده‌یه‌م خاڵی زیانی‌ كۆبانێ، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌ندین قه‌ڵا روبه‌ڕووی وێرانكاری‌ بوونه‌وه‌ بۆ نموونه‌ وێرانكردنی‌ شه‌ش قه‌ڵای له‌نێوان هه‌ردوو گوندی (حه‌مدون‌و جه‌له‌بیه‌) كه‌ زیانه‌كان به‌سێ ملیۆن دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێن.
به‌پێی بۆچوونی دكتۆر موسلم تاڵاس له‌كۆبانێ ده‌ڵێت “دانیشتوانی كۆبانێ‌و گونده‌كانی نزیكه‌ی‌ 90 هه‌زار خێزان ده‌بێت، كه‌ هه‌موو سامانی كۆبانێ به‌ (12 ملیارو 783 ملیۆن‌و 749 هه‌زار‌و 990) دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت كه‌ زیاتر له‌30% ئه‌و سامانه‌ روبه‌ڕووی‌ وێرانكاری‌ بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ته‌نها زه‌ره‌رێكی راسته‌وخۆیه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ زیانه‌ ناڕااسته‌وخۆكان، بۆیه‌ پێموایه‌ كۆبانێ پێویستی به‌ 350 ملیۆن دۆلاره‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی دوباره‌ دروستبوونه‌وه‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ بۆ ژیانێكی ئاسایی.
پێویستی به‌په‌له‌كردنه‌ له‌به‌رهه‌مهێنانی هه‌موو كه‌رته‌ ئابورییه‌كان كه‌ روبه‌ڕووی تاڵانی‌و دزی‌و سوتان‌و وێرانكاری‌ بوونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، كه‌ بووه‌ته‌ هۆی وه‌ستان‌و زیانێكێكی گه‌وره‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابوری كۆبانێ‌و دونده‌كانی بۆ ئاستی سفر، بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم كۆبانێ زیاتر له‌40 گه‌شه‌پێدانی  له‌ده‌ستداوه‌.
 
 
 ئاوێنه‌نیوز