قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر گەشتە ئاسمانییەكان دروستكردووە

به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ده‌ڵێ: “ئه‌و هێڵانه‌ی گه‌شته‌كانیان بۆ هه‌ولێر هه‌ڵپه‌سارد زۆربه‌یان ده‌ستیان به‌گه‌شته‌كانیان كردووه‌ته‌وه‌”.
 
به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ته‌لار فایه‌ق له‌ دیدارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس له‌ گه‌شت و په‌یوه‌ندی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ فڕۆكه‌خانه‌كانی تری وڵاتان ده‌كات.
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ته‌لار فایه‌ق باس له‌ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و وڵاتانی تر كرد و گوتی: “به‌پێی ئاماره‌كانی سێ مانگی رابردوو به‌راورد به‌ ساڵی پار گه‌شته‌كان زیادی كردوه‌ به‌ڵام ئەگەر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌مساڵ به‌راورد بكه‌ین، رێژه‌ی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بۆ وڵاتانی تر به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو گه‌شته‌كان هێواشترن”.
ته‌لار فایه‌ق گوتیشی: “ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌گه‌شته‌كانه‌، گه‌شتی نێوان هه‌ولێر و فڕۆكه‌خانه‌ی وڵاتانی تر هیچ گۆڕانكاریه‌كی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، راسته‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ندێ گه‌شت راگیران به‌ڵام گه‌شته‌كانی ناوخۆ زیادی كردووە بۆ نموونه‌ هێڵی ئاسمانی عێراقی رۆژانه‌ هه‌شت بۆ سیانزه‌ گه‌شتمان هه‌بوو”.
ته‌لار فایه‌ق ره‌تی ده‌كاته‌وه‌، شه‌ڕی داعش بووبێته‌ هۆكار بۆ كه‌مكردنی گه‌شته‌كانی نێوان هه‌ولێر و وڵاتانی تر.
له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێ: “گه‌مارۆ ئابووریه‌كانی به‌غدا كه‌ خراوه‌ته‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، زیانی به‌گه‌شته‌كان گه‌یاندووه‌، بۆنموونه‌ كه‌می مووچه‌ و نه‌بوونی داهاتی باش زیاتر وای كردووه‌ كاریگه‌ری هه‌بێ بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان و ئه‌وانیش كه‌متر گه‌شت بكه‌ن”.
هه‌ر له‌باره‌ی گه‌شته‌ فڕۆكه‌وانییه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر گوتیشی: “له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی شه‌ڕ و نزیك بوونه‌وه‌ی داعش له‌ هه‌رێمی كوردستان، هێڵی لۆفتهنزا و نه‌مسای گه‌شته‌كانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان راگرت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی رێڕه‌وی نیشته‌وه‌ی فڕۆكه‌مان گۆڕی دوای هه‌فته‌یه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌، دواتر هێڵی ئیمارات مایه‌وه‌ بێگومان ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیمارات خۆیانه‌وه‌ هه‌بوو دوای گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئیمارات له‌ هه‌ولێر ئه‌و وڵاته‌ شاندێكیان نارده‌ ئێره‌ ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌رێمی كوردستان، هیچ كێشه‌یه‌كی ئاسایشی نییه‌ بۆیه‌ بڕیاریان دا گه‌شته‌كانیان ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه‌، له‌ 16ی مانگ یه‌كه‌م گه‌شتیان بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ست پێ كرد له‌ ئێستادا ته‌نیا هێڵی ئیتیحاد ماوه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌مانگی 12 ده‌ست به‌ گه‌شته‌كانیان بكه‌نه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر”.
هه‌ژده‌ وڵاتی عه‌ره‌بی و ئاسیای و ئه‌ورووپی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و له‌ هه‌ولێره‌وه‌ گه‌شتی ئاسمانی بۆ 32ی شاری تر ده‌كرێت به‌شێكیان هێڵی به‌رده‌وامن.
به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ته‌لار فایه‌ق ده‌ڵێ: “له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر هه‌فته‌یەک نزیكه‌ی 240 گه‌شتی ئاسمانی ده‌كرێ رێژه‌ی گه‌شتیاری له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌ رۆژێكدا 3500 بۆ 4000 هه‌زاره‌”.
ته‌لار فایه‌ق گوتیشی: “ساڵانه‌ له‌كۆتاییدا ئاماری گشته‌كانی نێوان هه‌ولێر و شاره‌كانی تری وڵاتان ده‌خه‌ینه‌ڕوو پێشبینی ده‌كه‌ین گه‌شته‌كانمان زیاتر بێ چونكه‌ چاوه‌ڕوانیمان ئه‌وه‌یه‌ گه‌شته‌كان رێژه‌كه‌ هەتا 2018 ساڵ به‌ساڵ زیاتر بێ چونكه‌ ناوچه‌كه‌ یان هه‌رێمی كوردستان زیاتر پێویستی به‌گه‌شت هه‌یه‌”.
توركیا له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدایه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه‌ زۆرترین گه‌شتی بۆ شاره‌كانی ده‌كرێ.
له‌و دیداره‌ی ئانادۆڵو ته‌لار فایه‌ق ده‌ڵێ: “گەشتی رۆژانه‌مان هه‌یه‌ بۆ توركیا كۆمپانیای توركی هه‌یه‌ ده‌یانه‌وێ گه‌شته‌كانیان زیاد بكه‌ن، بۆنموونه‌ توركیش ئێرلاین ویستی گه‌شته‌كانی زیاد بكا به‌ڵام به‌غدا رێگه‌ی نه‌دا به‌هۆی ده‌ست پێ كردنه‌وه‌ی گه‌شتی هێڵی ئاسمان عێراقی. ئێستاش له‌ هه‌فته‌یه‌كدا نزیكه‌ی 22 هه‌زار كه‌س سه‌ردانی توركیا ده‌كه‌ن له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه‌”.
هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی باس له‌ چه‌ند وڵاتێكی ئه‌ورووپی ده‌كات كه‌ ده‌یانه‌وێ هێڵی ئاسمانی به‌ڕووی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌نه‌وه‌. ده‌ڵێ: “فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا پلانی تایبه‌تیان هه‌یه‌ كه‌ گه‌شته‌كانیان ده‌ستبه‌كار بكه‌ن، كاتی خۆی به‌ریتانیا دوای شه‌ڕی كه‌نداو ئابڵوقه‌ی خسته‌سه‌ر هێڵی ئاسمانی عێراق پێویسته‌ وه‌ك چۆن ئه‌مریكا ساڵی پار ئابڵوقه‌ی له‌سه‌ر كوردستان لابرد به‌ریتانیاش ده‌توانێ ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ لا ببات، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌یه‌ ئاماده‌باشیمان كردووه‌”.
پرسی فڕۆكه‌وانی و هێڵی ئاسمانی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق یه‌كێكه‌ له‌گرفته‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
له‌وباره‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ده‌ڵێ: “پێشتر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ گفتوگۆمان زۆر له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه‌. به‌داخه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كاره‌كانیان تێكه‌ڵ بووه‌. له‌ هه‌موو دونیا ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی سه‌ربه‌خۆ بوون به‌ڵام له‌ عێراق كراوه‌ به‌سیاسی”.