پارله‌مانتارێك: چێشتلێنه‌ره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ چوار شوقه‌ی‌ هه‌یه‌

پارله‌مانتارێكی‌ سه‌ر به‌ره‌وتی‌ سه‌در رایده‌گه‌یه‌نێت ژماره‌یه‌ك پارله‌مانتار له‌ناوچه‌ی‌ سه‌وز به‌كرێ‌ له‌شوقه‌ی‌ چێشتلێنه‌ره‌كانی‌ مالیكیدا ده‌ژین، به‌جۆرێك ته‌نها چێشتلێنه‌ره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ چوار شوقه‌ی‌ هه‌یه‌.
پارله‌مانتاری‌ كوتله‌ی‌ ئه‌حراری‌ سه‌ر به‌ره‌وتی‌ سه‌در، محه‌مه‌د ره‌زا خه‌فاجی‌، به‌ئاژانسی‌ “ئه‌ین”ی‌ راگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك پارله‌مانتار له‌ناوچه‌ی‌ سه‌وز، به‌كرێ‌ له‌شوقه‌ی‌ ئه‌و چێشتلێنه‌رانه‌دا ده‌ژین كه‌ لای‌ مالیكی‌ كارده‌كه‌ن. وتیشی‌ “چێشتلێنه‌ره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ زیاتر له‌ چوار شوقه‌ی‌ له‌كۆمه‌ڵگای‌ قادسیه‌ هه‌یه‌، له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ڵگه‌م هه‌یه‌”.
ئه‌و پارله‌مانتاره‌ ئاشكرای‌ ده‌كات له‌كه‌ناری‌ دیجله‌‌و ناوچه‌ی‌ كازمییه‌ی‌ به‌غداد، مالیكی‌ پارچه‌ زه‌وی‌ گرانبه‌های‌ به‌خشیوه‌ به‌هه‌ریه‌ك له‌: جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری‌ وزه‌ حسێن شه‌هرستانی‌، جێگری‌ سه‌رۆك كۆمار خوزه‌یر خوزاعی‌، هه‌ردوو پارله‌مانتار حه‌نان فه‌تلاوی‌‌و شیروان وائیلی‌، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك راوێژكارو كه‌سی‌ نزیكی‌. له‌كاتێكدا دابه‌شكردنی‌ زه‌وی‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆك وه‌زیراندا نییه‌.
خه‌فاجی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات دۆسیه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ئه‌میندارێتی‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران هه‌یه‌، به‌جۆرێك مالیكی‌ پارچه‌ زه‌وی‌‌و ئیمتیازاتی‌ به‌خشیوه‌ به‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ به‌شێوه‌ی‌ كاتی‌‌و گرێبه‌ست له‌ له‌ئه‌میندارێتی‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كارده‌كه‌ن، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ قانونی‌ عێراقی‌ رێگه‌نادات به‌سه‌رۆك وه‌زیران پارچه‌ زه‌وی‌ یان شوێنی‌ نیشته‌جێبون به‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ بدات كه‌ به‌شێوه‌ی‌ گرێبه‌ست كارده‌كه‌ن.
سەرچاوە: ئاوێنە