ئاشتی هەورامی: ساڵی داهاتوو رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشین

 
 
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێـمی کوردستان دەڵێ لە چەند مانگی سەرەتای ساڵی داهاتوودا هەرێمی کوردستان ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.
ئاشتی هەورامی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی گوتی:” لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی داهاتوودا  هەرێمی کوردستان ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە دەفرۆشێت کە داهاتەکەی دەگاتە ئەو پارەیەی کە لە بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ کوردستان دانراوە”
هەورامی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە کە ئەوان لەسەر پلانی خۆیان بەردەوامن و لە گفتوگۆکانیش لەگەڵ بەغدا قسەیان زاڵە.
وەزیری سامانە سروشتیەکان ئاماژەی بەوەکرد کە لە دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی بەغدا دەیانەوێ رێکەوتنێک بکەن کە دانبە سەربەخۆیی ئابوری کوردستاندا بنرێ.
ئاشتی هەورامی گوتوشیەتی:” کاتێک من پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانم وەرگرت لە کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦ سێ ئامانجی سەرەکیم هەبوو: پشتبەخۆبەستن لەبەرهەمهێنانی وزە، پشتبەخۆبەستن لە بەکارهێنانی سووتەمەنی لە ناوخۆدا و هەروەها ئامانجێکی درێژخایەن کە بریتیە لە دروستکردنی سەربەخۆیی ئابووری بۆ کوردستان.”
هەر بە گوتەی هەورامی ئەو سێ ئامانجە لە رێگەی سامانە سرووشتییەکانەوە بەدەست دێن و دووان لە ئامانجەکان خەریکە بەدەست دێن و سێیەمیشیان ماوەیەکی دەوێ بۆ بەدەستهێنانی.
وەزیری سامانە سروشتیەکان لە بەشێکی دیکەی ئەو لێدوانەی بۆ رۆژنامە بەریتانییەکە باس لە سێکتەری نەوت دەکات لە کوردستان و دەڵێ تاوەکو ئێستا سەڕەڕای رەتکردنەوەکانی بەغدا نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە بواری نەوت کراوە لە کوردستان بە بەشداری کۆمپانیا گەورەکان.