هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جەیهان دەستپێدەكاتەوە

به‌منزیكانه‌ ده‌ست به‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك ده‌كرێت بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا كه‌ زیاتر له‌ هه‌شت مانگه‌ وه‌ستاوه‌ و ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش هه‌ردو وه‌زیری نه‌وتی هه‌رێم و عێراق پێكه‌وه‌ ده‌چنه‌ توركیا.
تانه‌ر یه‌ڵدز، وه‌زیری وزه‌ی توركیا رایگه‌یاند: دوای هه‌شت مانگ له‌ وه‌ستانی به‌منزیكانه‌ رۆژانه‌ هه‌نارده‌كردنی (150) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركوك بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ده‌ستپێده‌كات.
هاوكات ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ یه‌ڵدزه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ وه‌زیری وه‌زه‌ی توركیا چاوی به‌ وه‌زیری نه‌وتی عێراق و وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌وێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا له‌سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست.
له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئازاری ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كانه‌وه‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ڕێی بۆریه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان وه‌ستاوه‌ و رۆژی دوشه‌ممه‌ش عادل عه‌بدولمه‌هدی، وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ په‌رله‌مان رایگه‌یاند: له‌ڕێی رێكه‌وتنیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌نگاوێكی گرنگیان ناوه‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی (150) هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ و له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا له‌هه‌وڵدان بگه‌نه‌ رێكه‌وتن بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ڕێی بۆریه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌وه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی زۆربه‌ی پارێزگاكانه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ركوك به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێڵی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی ئه‌و پارێزگایه‌ شیاو نییه‌ بۆ به‌كارهێنان تا ئه‌وكاته‌ی شاری موسڵ ئازاد ده‌كرێت.