ناسەقامگیری ئابوری بۆتە مەترسی

هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ تاوتوێكردن‌و خستنه‌ڕوی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ ئابوریه‌كانی جیهان، چه‌ند وڵاتێكی ناوچه‌كه‌‌و جیهان ڕایده‌گه‌یه‌نن، ناسه‌قامگیریی ئابوری مه‌ترسی له‌سه‌ر دروستكردون.
به‌گوێره‌ی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵ، ئابوری ئۆكراین یه‌كێكه‌ له‌و ئابوریانه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی‌ كاریگه‌ربونی‌ به‌كێشه‌ سیاسی‌و ئه‌منیه‌كان، ڕوی‌ له‌لاوازبون كردوه‌، له‌كاتێكدا لوتكه‌ی‌ بیست (G20) له‌ڕۆژانی‌ ڕابردودا به‌وردی باسی‌ له‌ئابوری ئۆكراین كرد‌و ڕێگه‌چاره‌كانی‌ خسته‌ڕوو، له‌ڕوی‌ مه‌یدانیشه‌وه‌، گرژی‌و ئاڵۆزی له‌سه‌ر سنوره‌كانی‌ ئۆكراین‌و ڕوسیا به‌رده‌وامه‌، ئه‌وه‌ش زیانی‌ بۆ ئابوری حكومه‌تی‌ كییف هه‌یه‌. 
ماڵپه‌ڕی‌ (جه‌زیره‌ نێت) بڵاویكرده‌وه‌، حكومه‌تی‌ مۆسكۆ به‌هۆی‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌، ترسێكی‌ زۆری‌ لێنیشتوه‌.
(سێرگی ئافونتسیف) پسپۆڕی‌ ئابوری ڕوسی ده‌ڵێت: دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت كاریگه‌ری به‌رچاوی له‌سه‌ر ئابوری‌ ڕوسیا نابێت، به‌و جۆره‌ی‌ كه‌ باس ده‌كرێت.
ڕۆژنامه‌ی‌ (واشنتۆن پۆست)ی‌ ئه‌مریكیش نوسیویه‌تی‌: ئابوری ژاپۆن ڕزگار بكه‌ن. 
ئه‌و ڕۆژنامه‌ ئه‌مریكیه‌ ڕونیكردۆته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ هه‌وڵه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ تۆكیۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ ئابوری، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه‌ ئابوریه‌كه‌ی‌ له‌و ناسه‌قامگیرییه‌ ڕزگار بكات كه‌ ڕوبه‌ڕوی بۆته‌وه‌. 
ماڵپه‌ڕی‌ (میسر ئه‌لیه‌وم)ی‌ میسری، له‌زاری‌ (محه‌مه‌د ده‌عده‌ع) ئابوریناسی‌ میسریه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، ئابوری میسر له‌دۆخێكی‌ ناله‌باردایه‌، به‌جۆرێك كه‌ له‌سێ ساڵی‌ ڕابردوو خراپتره‌. 
هاوكات بانكی نێوده‌وڵه‌تی‌ دراو بڵاویكرده‌وه‌، ئابوری ئوردن توانای‌ بوژانه‌وه‌‌و تێپه‌ڕاندنی‌ كێشه‌كانی‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی‌ دۆخی‌ ئابوری میسر‌و كێشه‌كانی‌ سوریا‌و عێراق كاریگه‌رییان له‌سه‌ر داناوه‌. 
 
لوتكه‌ی‌ بیست كه‌ له‌ڕۆژانی‌ ڕابردودا له‌ئوسترالیا به‌ڕێوه‌چوو، ته‌ئكیدی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ ئابوری جیهان پێویستی‌ به‌ڕێوشوێنی‌ نوێیه‌، به‌ڵام ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ ڕۆیته‌رز له‌ڕاپۆرتێكی‌ شیكاریدا ڕایگه‌یاند، لوتكه‌ی‌ بیست هیچ شتێكی‌ نوێی تێدا نه‌بوه‌.