2017 هەرێم غازی سروشتی هەناردەی دەرەوە دەكات

دواین راپۆرتی رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان ئاشكرای دەكات هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 لەڕێگەی بۆرییەوە سەرەتا 55 ملیۆن پێ سێ جا غازی سروشتی هەناردەی دەرەوە دەكات.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان لە ماوەی دە ساڵدا هەرێمی كوردستان 272 ملیۆن و 645 هەزار و 911 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
رێكخراوه‌كه‌ لە راپۆرتی مانگی نۆڤەمبەری خۆیدا ئاشكرایكرد، كه‌ ئاستی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 تا كۆتایی ساڵەكە لە 180 هەزار بەرمیل رۆژانەوە بۆ 400 هەزار بەرمیل بەرز دەبێتەوە، هەروەها لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2015یشدا ئەو رێژه‌یه‌ بۆ 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا زیاد دەكات.
راپۆرتەكه‌ ئاماژە به‌ بڕی ئەو نەوتە دەكات كە هەرێم ئەمساڵ هه‌نارده‌ی توركیای كردووه‌ كە 34 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلە، لەو بڕە 21 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان رەوانە كراوە و 13 ملیۆن بەرمیلیش لە رێگەی تەنكەرەوە بە توركیا فرۆشراوە.
لە راپۆرتەكەدا باس لە داهاتەكانی نەوتی هەرێم لە ئەمساڵدا كراوە و تێیدا هاتووە: “كۆی داهاتی خەمڵێنراوی ئەو نەوتەی لەساڵی 2014 لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە فرۆشراوە، دەگاتە 2 ملیار و 87 ملیۆن دۆلار، كۆی پارەی وەرگیراویش بە كاش ملیارێك و 700 ملیۆن دۆلارە، هەرچی 900 ملیۆن دۆلاری دیكەیە وەكو كرێی باركردن و پارەی پێشینەبووە كە بڕی 400 ملیۆن دۆلار كرێی باركردن و پاداشتی كۆمپانیاكانە، 500 ملیۆن دۆلاریشی پارەیەكە پێشتر وەرگیراوە”.
راپۆرتەكە ئەوەش ئاشكرا دەكات كە لە ساڵی 2013 كۆی ئەو نەوتەی بەرهەم هێنراوە لە هەرێم، 78 ملیۆن بەرمیل بووە و ئەو ژمارەیەش بە بەراورد بە ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵی 2003 نزیكەی سه‌دا 200 زیادیكردووە.
هەروەها رێكخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی كوردستان ئەوەشی لە راپۆرتەكەیدا خستۆتەڕوو كە ساڵی 2014 بەپێی قۆناغەكان سەرەتا 180 هەزار بەرمیل هەناردەكرا، دواتر ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆته‌ 340 هەزار بەرمیل، دواتر 400 هەزار بەرمیل له‌ رۆژێكدا هەناردە ده‌كرێت. هەرچی ساڵی 2015یە  ئەوا سەرەتا بەپێی پلان 500 هەزار بەرمیل، دواتر 850 هەزار و لە كۆتایی ئەو ساڵەشدا یەك ملیۆن و 60 هەزار بەرمیل نەوت هه‌نارده‌ ده‌كرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە رەسمییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە  وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمه‌ و هه‌روه‌ها ئاژانسی وزەی جیهان و ئاژانسی وزەی ئەمریكاوە دەستكه‌وتوون، دەریدەخەن هەرێمی كوردستان لە ماوەی دە ساڵدا واتە لە نێوان ساڵی 2003 بۆ 2013، بڕی 272 ملیۆن و 645 هەزار و 911 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە. ئەم خشتەیەی خوارەوەش ساڵەكان و بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم دەردەخات:
  ساڵ                                 بەرهەم 
2003                     395 هەزار و 945 بەرمیل.
2004                     160 هەزار و 599 بەرمیل.
2005                    367 هەزار و 738 بەرمیل.
2006                     506 هەزار و 269 بەرمیل
2007                ملیۆنێك و 524 هەزار و 211 بەرمیل.
2008                  3 ملیۆن و 117 هەزار و 172 بەرمیل.
2009                15 ملیۆن و 689 هەزار و 46 بەرمیل.
2010                27 ملیۆن و 483 هەزار و 775 بەرمیل.
2011                68 ملیۆن و 231 هەزار و 486 بەرمیل.
2012                76 ملیۆن و 706 هەزار و 152 بەرمیل.
2013                78 ملیۆن و 463 هەزار و 518 بەرمیل.
راپۆرتەكەی رێكخراوی دۆر لە بەشێكی دیكەدا دەچێتە سەر پێشبینییەكان بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم و دەڵێت عێراق ساڵی 2019 ئاستی بەرهەمهێنانی دەگاتە 4 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، واتە زیادبوون بە رێژەی سه‌دا 60 و بە ئاستی 1 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل. 
ئەوە لەكاتێكدا بەپێی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وا بڕیارە لە ساڵی 2019 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بگاتە 2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا واتە نزیكەی سه‌دا 45ی ئەو بەرهەمەی ئەو كاتە عێراق به‌رهه‌می ده‌هێنێت.
راپۆرتەكە هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ هەناردەكردنی غازی سروشتی هەرێمی كوردستانیش بۆ توركیا ده‌كات و لەوبارەوە ئاشكرای كرد كە له‌ ساڵی 2017 هەناردەی گازی هەرێمی كوردستان لەرێگەی توركیاوە بۆ دەرەوە دەست پێدەكات، بە جۆرێك لەسەرەتادا 55 ملیۆن پێ سێ جا و دواتر بۆ 120 ملیۆن پێ سێ جا و پاشان بۆ 200 ملیۆن پێ سێ جا به‌رز ده‌بێته‌وه‌.
لەكۆتاییدا راپۆرتەكەی رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان باس لە  داهاتەكانیش دەكات و رایدەگەیەنێت كە داهاتی نا پوختی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی 12ی ئەمساڵ دەبێتە یەك تریلیۆن و 200 ملیار دینار، هەرچی ئەو داهاتەیە لە چارەكی ساڵی 2015 مانگانە دەبێتە یەك تریلیۆن و 500 ملیار دینار.
بەپێی راپۆرتەكەش ئەو داهاتەی هەرێم لە نەوت دەستی دەكەوێت، هاوشانی ئەو قەرزەی دەكرێت كە پێنج ملیار دۆلارە و بڕیارە حكوومەت قه‌رزی بیكات تا چارەكی یەكەمی 2015 هەرێم دەگاته‌ دۆخێك پێویستی بە بەغدا نەبێت بۆ مووچەی فەرمانبەران و بودجەی پرۆژەكان.
NRT