عێراق هۆشداری ده‌داته‌ پارێزگاكانی له‌ئیمزاكردنی گرێبه‌ستی نه‌وت

 
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق هۆشداریدا به‌ پارێزگاكان‌و ئه‌نجومه‌نه‌كانی له‌ئیمزاكردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌ بیانییه‌كان بۆ پشكین‌و گه‌شه‌پێدانی كێڵگه‌كانی نه‌وت تیایاندا، چونكه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور و یاسا په‌یڕه‌وكراوه‌كانی عێراقه‌.
له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی نه‌وت ڕایگه‌یاند، ناوبه‌ناو هه‌واڵی ئه‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت ده‌كات كه‌ هه‌ندێك له‌ پارێزگاكان‌و ئه‌نجومه‌نه‌كانی گفتوگۆ ئه‌نجامده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتیه‌ بیانیه‌كان به‌مه‌به‌ستی ئیمزاكردنی گرێبه‌ستی پشكنین‌و گه‌شه‌پێدانی كێڵگه‌كانی نه‌وت و غاز له‌و پارێزگایانه‌.
له‌به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتدا هاتوه‌ ئه‌وگرێبه‌ساتانه‌ كه‌ بێ ڕه‌زامه‌ندی‌و ئاگاداری حكومه‌تی فیدراڵی‌و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی نه‌وت ئه‌نجامدراون پێچه‌وانه‌یه‌و سه‌رپێچیه‌كی ڕاشكاوانه‌ی ده‌ستورو یاسا په‌یڕه‌وكراوه‌كانی عێراقه‌.
وه‌زاره‌تی نه‌وت ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات له‌ پێناو پاراستنی سه‌روه‌ت‌و سامانی وڵات كه‌ به‌ داهاتی سه‌ره‌كی خه‌ڵك داده‌نرێت، ئاماده‌یه‌ هه‌موو ڕێوشوێنێكی یاسایی بگرنه‌ به‌ر له‌به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌كانی گرێبه‌سته‌كه‌.
پێشتریش حسین شه‌هرستانی هۆشداری داوه‌ته‌ كۆمپانیا بیانیه‌كان كه‌ په‌نا نه‌به‌ن بۆ ئیمزاكردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ناحكومیه‌كان له‌ عێراقدا.