ئاهەنگ ئەحمەد : كردنەوەی كارگەی قوماش و جلوبەرگ ئابوری هەرێم بەهێز دەكات

پسپۆڕێكی بواری دیزاینی جلوبەرگ رەخنە لە هاوردەكردنی جلوبەرگی بیانی دەگرێت كە بەوتەی ئەو دیزاینەرە كوالیتی قوماش و دیزایینەكانیان لە ئاستی پێویستدا نین و پێشیوایە كە دەتوانرێت بە كردنەوەی كارگەكانی قوماش و جلوبەرگ ،هەرێم لە ناوخۆدا جلوبەرگ بە كوالیتییەكی باشتر بەرهەمبهێنێت و لایەنی ئابوریشی پێبەهێز بكات .
ئاهەنگ ئەحمەد كە كچە كوردێكی شاری سلێمانییە و لە ساڵی 1988 لە گەرەكی توی مەلیك لە دایك بوە و لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە لە وڵاتی هۆڵەندا ژیاوە،وەك خۆشی دەڵێت لە منداڵییەوە خولیای دیزاینكردنی جلوبەرگ بوە و لە ئێستاشدا خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمی باڵایە لە وڵاتی هۆڵەندا .
لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ سایتی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی،گرنگی جلوبەرگ لە بوارە جیاوازەكاندا دەخاتەڕو.
جلوبەرگ و ئابوری
ئاهەنگ ئەحمەد: ئەو جلوبەرگانەی هاوردەی هەرێم دەكرێن بەشێكی زۆریان كوالیتییەكی خراپییان هەیە و دوای یەك جار شتن قوماشەكەیان تێكدەچێت ،دەكرێت لە بری ئەوەی پارە لە هەرێمەوە بڕواتە دەرەوە و ئەو جلوبەرگانە هاوردەبكرێن ، هەرێم كارگەكانی قوماش و جلوبەرگ بخاتەوەكار و بەكوالیتی و دیزایینێكی زۆر باشتر جلوبەرگ بەرهەمبێت ئەمەش دەبێتەهۆی پێشخستنی ئابوری وڵات و دەشتوانرێت لەڕوی بازرگانیشەوە هەناردەی وڵاتان بكرێت .
براندی كوردی
ئاهەنگ ئەحمەد:لە ئێستادا خاوەنی براندی كوردی تایبەت بەخۆمم كە لە بەریتانیا بە یەكەم دیزاینەری كورد ناسراوم و دەمەوێت كۆمەڵێك دیزانی نوێی جلوبەرگ بكەم كە تایبەتبن بە كورد و كوردستان،بۆ ئەوەش پێویستم بەوەیە حكومەتی هەرێم یان كەرتی تایبەت هاوكاریم بكات .
حەزی خەڵك بۆ رەنگەكان
ئاهەنگ ئەحمەد:خەڵكی كوردستان زۆر حەزیان لە ڕەنگە جیاوازەكانە بەڵام بەهۆی عەیبەوە زۆربەیان ڕەنگی رەش و داخراو دەپۆشن و ئافرەتانیش تەنها لەجلی كوردیدا دەتوانن ئەو رەنگانە لەبەر بكەن كە حەزیان لێیە.
جلوبەرگ و كار
ئاهەنگ ئەحمەد :ئەوەی لە كوردستادا تیبینیم كردووە هەڵبژاردنی جلوبەرگ لەگەڵ كاركردنی كەسەكاندا ناگونجێت بەجۆرێك كە بۆ هەندێك كار  پێویستی بەوەهەیە كە جلوبەرگێك بپۆشیت كە قوماشەكەی لە مەترسییەكان بتپارێزیت یان جلوبەرگێكی تایبەت بێت بەو شوێنەی كاری تێدا دەكرێت .
جلوبەرگ و شانۆ و دراما
ئاهەنگ ئەحمەد : زۆر بەداخەوە زۆربەی ئەو جلوبەرگەی لەناو شانۆ و دراما كوردییەكاندا دەیبینم گوزارشت نین لە (سەردەم – كارەكتەرەكان )ی ناو دەقەكە بۆیە پێویستە زیاتر بایەخ بەلایەنی جلوبەرگ بدرێت .