لە مەرەسیمێكدا بە ئامادەبوونی سەڵاحەدین بابەكر وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و سیروان محەمەد سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای 51 میگاواتی تاسڵوجە خرایەگەڕ.
لە مەراسیمەكەدا دوای بەگەڕخستی وێستگەكە لەلایەن وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان و پارێزگاری سلێمانییەوە چەند وتەیەك پێشكەشكران.
لە وتەیەكدا بەختیار ئەحمەد بەرێوەبەری كۆمپانیای بەختیار ئەحمەد جێ بەجێ كاری پرۆژەكە، رایگەیاند پرۆژەكە بە ستومەنی قورس “نەوتی رەش” كاردەكات و لە ئێستادا 51 میگاوات كارەبا دەخاتە سەر تۆڕی نیشتیمانی كوردستان لە داهاتووشدا ئەو بڕە زۆر زیاتر دەكرێت.
بەرێوەبەری كۆمپانیاكە راشیگەیاند ئەو پرۆژەیە بەدەستی كۆمپانیای خۆماڵی ئەنجام دراوەو دەتوانێت برێكی زۆر بودجە بۆ گەنجینەی حكومەت بگێرێتەوە بەو هۆیەی بە سوتەمەنی قورس كاردەكات لەبری گازوایل و سوتەمەنی شل.
بەرێوەبەری كۆمپانیای جێ بەجێ كار سوپاسی پارێزگاری سلێمانی و وەزارەتی كارەباشی كرد كە هاوكارو پشتیوانی پرۆژەكە بوون و كارئاسانیان بۆ كردوون و بوونەتە هۆی سەرخستی پرۆژەكە.
لە وتەیەكشدا وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان تیشكی خسەسەر گرنگی پرۆژەكەو رایگەیاند بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە نیو سەعات كارەبای سەرجەم هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت.
وەزیری كارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد وەزارەتەكەیان ئامانجییەتی جگەلە زیادكردنی بەرهەم سیستمی دابەشكردنیش گەشەپێبدات، چونكە لە ئێستادا نزیكەی 30%ی كارەبای بەرهەمهاتووی هەرێم بەفیڕۆ دەچێت.
وەزیری كارەبای هەرێم راشیگەیاند مۆڵەتی 2 هەفتە دەدەن بەو كەسانەی بەشێوەی زیادەڕەوی و لەدەرەوە یاسا كارەبایان راكێشاوە، ئەگەر دوای ئەو دوو هەفتەیە پابەند نەبن بە یاساوە ئەوا كارەكەیان وەك تاوان و دزینی سەروەتی نیشتیمانی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و رووبەرووی لێپرسینەوەی یاسای دەكرێنەوە.
جێگەی باسە وێستگەی 51 میگاواتی تاسڵوجە پێشتر لەلایەن كۆمپانیایەكی كۆرییەوە كاری تێداكراوە، بەڵام كۆمپانیاكە كارەكەی تەواو نەكردووەو بەنیوەناچڵی بەجێهێشتووە و دواتر بەپێی گرێبەستێك سپێدراوە بە كۆمپانیای بەختیار ئەحمەد.
وێستگەكە 51 میگاوات كارەبا دەخاتە تۆڕی نیشتیمانی هەرێمی كوردستانەوەو رۆڵی دەبێت لە كەمكردنەوەی كێشەی كارەبا لەهەرێمی كوردستان.