زیاتر لە 30 تۆن برنج لە شاری سلێمانی بەهۆی خراپ بونیەوە لەناو دەبرێت و لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی هاوڵاتیان دڵنیادەكەنەوە كە رێگری تەواو دەكەن لە خواردن و مەوادی نەگونجاو زیان بەخش ,
دوای ئاگاداركردنەوەی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەت لە بونی بڕێكی زۆر برنج كە گومان لە خراپ بونی دەكرێت لە یەكێك لە كۆگاكاندا، لیژنەكان سەردانی كۆگاكەیان كرد و پاش پشكنین بۆ برنجەكە دەركەوت كە بەهۆی خراپ بونیەوە بەهیچ جۆرێك گونجاو نیە بۆ خواردن و لە ئەگەری بەكار هێنانیدا زیانی زۆر بە تەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت,
لەو بارەیەوە سۆران عەبدولغەفور سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند برنجەكە لە جۆری (زێڕە) و بڕەكەی زیاتر لە 30 تۆنە پاش پشكنین بۆیان دەركەوتووە كە بەهیچ جۆرێك گونجاو نیە بۆ خواردن و زیانی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت ، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لەسەر فەرمانی قائیمقامی سلێمانی بڕیار دراوە لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیاندا برنجەكە لە ناو ببرێت .