بەئامادەبونى وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى و پارێزگارى سلێمانى و سەرۆکى ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى و بەڕێوەرى بەشێکى زۆرى فەرمانگە حکومیەکان پێشانگاى نێودەوڵەتى سلێمانیکرایەوە.
سیروان محەمەد سەرۆکى ژورى بازرگانى سلێمانى ڕایگەیاند لەم پێشانگایەدا زیاتر لە 20 ووڵات بەشداریانکردووە کە تیایدا زیاتر لە 150 کۆمپانیاى ناوخۆى و بیانى لە خۆدەگرێت کە ئەم پێشانگایە بۆ پتەوکردنى پیوەندیە بازرگانیەکانە لە نێوان ووڵاتانى دراوسێ و ئەوروپیدا لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکان لەسەرجەم بوارە جیاوازەکاندا.
سەبارەت بەو ووڵاتانەى کە بەشدارى لە پێشانگاکەدا دەکەن سیروان محەمەد وتى” ووڵاتانى عێراق و ئێران و تورکیا و ئوردن و سوریا و لوبنان و میسر و ئیتاڵیا و بەریتانیا و ڕوسیا و ئەمریکا و یابان و سین و فەرەنسا و کەنەدا و کۆریا و تایوان وچەند ووڵاتێکى دیکەشى تێدایە”
لاى خۆشیەوە ساماڵ سەردار مەحمود وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى ڕایگەیاند دەسخۆشى لەژورى بازرگانى و پشەسازى سلێمانى دەکەم بۆ کردنەوەى ئەم پێشانگایە کە کۆمپانیاى ناوخۆى زۆرباش لە پیشەسازیدا بەشداریان تیاداکردووە ئەمەش مایەى دڵخۆشیە.
پارێزگارى سلێمانى پشتیوانى خۆى بۆ ئەم پێشانگایە دەربڕى و ڕایگەیاند شارى سلێمانى هەمیشە پێشەنگبووە لە کردنەوەى پێشانگادا و هەمیشە بەسەرکەوتوانە پێشانگاکانى بەڕێکردووە و هیواى خواست کۆمپانیا ناوخۆییەکان سود لەو شتومەک و پێداویستیانە بدینن کە کۆمپانیا بیانیەکان بەشداریانکردوە.
سەرۆکى ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى جەخت لەوەدەکاتەوە لەئێستادا بەهۆى ئاڵۆزیەکانى عێراقەوە زۆرێک لە کۆمپانیا ئەوروپیەکان ترسیان لەوەهەبووە بەشدارى نەکەن بەڵام بەهۆى ڕەوشى ئارامى و ئاسایشى شارەکانى کوردستانەوە و بەتایبەت سلێمانى ژمارەیەکى باش لەکۆمپانیاکان بەشدارن لە بوارە جیاوازەکاندا پاش ئەوەى زانیویانە ڕەوشى شارى سلێمانى و پێشانگاکە سەقامگیرە.
دەهەمین پێشانگاى نێودەوڵەتى سلێمانى DBX لەڕۆژانى 14بۆ 17 /11/2014 بەردەوامدەبێت.

















