یه‌كه‌ی‌ فریاگوزاری‌ خێرای‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێم پێكه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌

رێكخراوێكی‌ حكومی‌ سویدی‌ به‌هاوكاری‌ رێكخراوێكی‌ سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان  ئه‌زمونێكی‌ سوید له‌باره‌ی‌ روبه‌روبوونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانه‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان دوباره‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێكدێت له‌سه‌نته‌ری‌ هه‌ماهه‌نگی‌ هاوبه‌شی‌ قه‌یرانه‌كان (JCC)‌و فراگوزاری‌ خێرای پارێزگاكانی‌ هه‌رێم پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.
 ئه‌مرۆ (چوارشه‌ممه‌) وه‌فدێكی‌ هاوبه‌شی‌ رێكخراوی‌  UNDP  سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و ده‌زگای‌ فریاگوزاری‌ شارستانی‌ سوید (MSB) كه‌ ده‌زگایه‌كی‌ حكومی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌و  وڵاته‌یه‌،  سه‌ردانی شاری سلێمانیان كردو له‌گه‌ڵ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح  كۆبوونه‌وه‌‌و رونیانكرده‌وه‌ كه‌ ده‌زگای‌ (MSB)  به‌هاوكاری‌ رێكخراوی‌  UNDP، سه‌نته‌رێكی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ هاوبه‌شی‌ قه‌یرانه‌كان(JCC) بۆ هه‌رسێ‌ پارێزگاكه‌ی‌ هه‌رێم داده‌مه‌زرێنێت‌و  هه‌رسێ‌ یه‌كه‌ی‌ فریاگوزاری‌ خێرای‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێرو دهۆك پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌زمونی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ كوردستان.
ئه‌و سه‌نته‌ره‌ كاری‌ هامه‌هه‌نگی‌ نێوان یه‌كه‌كانی‌ فریاگوزاری‌ خێراو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌بێت‌و پلان‌و  بڕیار له‌سه‌ر قه‌یرانه‌كان ئاماده‌ ده‌كات‌و  چاودێری‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات بۆ روبه‌ڕونه‌وه‌ی‌ هه‌ر قه‌یرانێكی‌ سروشتی‌‌و مرۆی‌ كه‌ روو له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رونكرداوه‌ته‌وه‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی‌ له‌شاری‌ هه‌ولێر‌و له‌شاره‌كانی‌ تریش لقی‌ ده‌بێت، به‌ڵام  سه‌نته‌ره‌كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
له‌مانگی‌ 10ی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ كاركردن له‌پرۆژه‌كه‌دا ده‌ستیپێكردووه‌و سه‌نته‌ره‌كه‌ زیاتر پشت به‌سیستمی‌ ئایتی‌ ده‌به‌ستێت‌و  بڕیاره‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ داهاتوو پرۆژه‌كه‌ بكه‌وێته‌كار.