پارێزگاری سلێمانی: قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر گەشەكردنی كەرتە جۆراو جۆرەكانی كوردستان كردووە

پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە باڵیۆزی كۆریای باشور لە عیراق و لەدیدارێكدا  تاوتوێی  پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا و  گەشەپێدانی رۆڵی كۆمپانیا كورییەكانیان كرد لە پارێزگای سلێمانی.
 بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە ( چۆ جۆنگ هون) باڵیۆزی كۆریای باشور لە عیراق و  (چۆ یونگ مو) سەرۆكی نوسینگەی  هەولێری باڵیۆزخانەی  كۆریا لە عیراق.
لە دیدارێكدا پارێزگاری سلێمانی و باڵیۆزی كۆریا تاوتوێی رەوشی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی  پارێزگای سلێمانی  و رەوشی  ئاوارەكان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا و  گەشەپێدانی رۆڵی كۆمپانیا كۆرییەكانیان كرد لە پارێزگای سلێمانی.
لەدیدارەكەدا پارێزگار تیشكی خسەسەر مێژووی سلێمانی و گەشەكردنەكانی سلێمانی لەبواری بازرگانی و  وەبەرهێنان و پیشەسازی  و تایبەتمەندییەكانی سلێمانی لەرووی كلتوری و ئازادی دیموكراسییەوە
پارێزگار ئاماژەشی بە قەیرانی دارایی هەرێم كرد و رایگەیاند  قەیرانەكە كاریگەری لەسەر گەشەكردنی كەرتە جۆراو جۆرەكانی كوردستان كردووە، بەڵام تەئكیدی كردووە كە هەرێمەكە پاشەرۆژێكی گەشی هەیەو  ئارامترین زۆنی رۆژهەڵاتی ناوەراستەو بەوهۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر ئاوارە لە ناوچەكانی عیراق و وڵاتانی دراوسێوە روویان لە هەرێم كردووە كە بەس پارێزگای سلێمانی بە تەنیا زیاتر لە 300 هەزار ئاوارەی لەخۆ گرتووە.
لەبارەی كۆمپانیاكانی كۆریاشەوە پارێزگاری سلێمانی ستایشی كاری كۆمپانیاكانی كردوو  رایگەیاند سیستمی ئیشكردنی كۆمپانیا كۆرییەكان سیستمێكی زۆرباش و گونجاوە.
پارێزگار داوای لە باڵیۆزی كۆریای باشور كرد، هانی كۆمپانیا كۆرییەكان بدات بۆ هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی  واقیعی ئێرەیان بۆ روون بكاتەوە  كە جیاوازە لە ناوچەكانی تری عیراق.
لەبەرامبەردا باڵیۆزی كۆریای باشور، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە بۆ یەكەمین جار سەردانی سلێمانی دەكات و  وەسف پێشكەوتن و گەشەكردنەكانی سلێمانی كرد.
باڵیۆزی كوریا تەئكیدشی كردەوە كار لەسەر گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی كۆریاو هەرێمی كوردستان دەكات و هانی كۆمپانیا كۆرییەكان دەدات زیاتر روو لە هەرێمی كوردستان بكەن.
باڵیۆزی كۆریا راشیگەیاند لەگەڵ كۆمپانیاكانی كۆریا لە سلێمانی كۆبووەتەوەو كۆمپانیا كۆرییەكان سوپاسی ئیدارەی سلێمانیان كردووە بۆ هاوكاری و پشتیوانیان.
لەكۆتایی دیدارەكەدا باڵیۆزی كۆریا دیاری رێزلێنانی پێشكەشی پارێزگار كرد.