دوای 7 ساڵ چاوەروانی و هاتن و رۆیشتنی 3 وەزیری كشتوكاڵ سەرەنجام پرۆژەیەكی گەورەی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی شكست دەهێنێـت و زەویەكەشی وەرنەگیراوەتەوە.
بە نوسراوی 888 دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لە 6/5/2008 مۆڵەتی ژمارە92 بە پرۆژەی كۆمپانیای نوری مسری دارا، كە پرۆژەی كێڵگەی چاندنی ئالیك و دروستكردنی لەوەڕگا بوو لە گەڵ شەش كێڵگەی بەخێوكردنی مانگاو یەك كێڵگەی بەخێوكردنی گامێش و یەك كارگەی شیرنەمەنی وكارگەیەكی ئالیك بە رووبەری 1000 دۆنم لەسەر زەوی كەرتی 132 گوندی دوغان لە ناوچەی شەمامك هەروەها رووبەری 2000 دۆنم لە كەرتی 44 لە گوندی وەلی حەیدەر لە كفری، سەرمایەی تەواوی پرۆژەكەش 150 ملیۆن دۆلارە، بەڵام دواجار و پاش 7 ساڵ چاوەروانی پرۆژەكە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درا.
گەلاوێژ محیەدین، بەرێوەبەری گشتی زەوی و زار لە وەزارەتی كشتوكاڵ و ئەندام لە دەستەی وەبەرهێنان بە (باس)ی راگەیاند دوای چەندین لیژنە و لێكۆڵینەوە ئەنجومەنی وەزیران رازی بوو لەسەر هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی ئەو پرۆژەیە، گوتیشی:هەندێك بیری ئاو و هۆڵ لەسەر پرۆژەكە هەبوو، لیژنەیەك پێكهات بۆ خەمڵاندنی تێچووی خەرجیەكانی ئەوان بۆ كۆتایی هێنانیی و وەرگرتنەوەی زەویەكەی.
گەلاوێژ محیەدین،ئەوەی خستەروو ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانیش رەزامەندی داوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو پرۆژەیە، گوتیشی: ئەو زەویەی بەو كۆمپانیایە دراوە باشترین زەویە وكۆمپانیاكە فێڵی لێكردین و پاش حەوت ساڵ هیچیان نەكرد ،دوای چەندین لیژنە و نوسرا و كێشەی جۆر بەجۆر مۆڵەتی پرۆژەكە هەڵوەشێندراوەتەوە، كۆمپانیاكە فێڵباز بوون و هەوڵیان دەدا زەویەكە داگیر بكەن.