لە تاران كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بازرگانی لە نێوان عیراقو ئێراندا بەرێوەچووو بۆیەكەمجاریش هێمای بازرگانی هەردوو وڵات بڵاوكرایەوە.
(یەحیا ئال ئیسحاق) بەرپرسی ژووری بازرگانی تارانو بەرێوەبەری كۆنفرانسەكە رایگەیاند: پلانیان هەیە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات زیادبكەن ئەمەش پێویستی بە هاریكاری تارانو بەغدا دەبێت. هەر لە كۆنفرانسەكەدا جێگری سەرۆك كۆماری ئێران داوای كرد كە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بگاتە (25) بۆ (30)ملیار دۆلار لە ساڵێكداو ئەمەش بەئاسانی بەدەست نایەت، وتیشی: دەبێت هەماهەنگی نێوانیان گەشە پێ بدەین بە تایبەت ژوورێكی تایبەت لە بواری ئەندازیاری بكرێتەوە كەلەو بوارەدا پەیوەندیان لاوازە. هاوكات نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران باسی لە زیادبونی قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان هەردوولا كرد. هەروەك راگەیاند: حكومەتی هەرێم هەلێكی باشی رەخساندووە بۆ بەشداری كۆمپانیا بیانیەكان لە كەرتە ئابوریەكانو لەو چوارچێوەیەشدا كۆمپانیاكانی ئێران بەشداری چالاكیان هەیە. هەروەها (حەسەن دانای فەڕ) باڵیۆزی ئێران لە عیراق ئاماژەی بەوەكرد لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەك ملیۆنو (200) هەزار هاوڵاتی عیراقی سەردانی ئێرانیان كردووە كەلەسەدا (20)ی ئەو سەردانانە بۆ مەبەستی چارەسەری پزیشكی بووەو ئەمەش وایكردووە كە لە چەند رۆژی رابردوودا مۆڵەتی هەناردەكردنی دەرمانی ئێرانی بۆ عیراق وەربگرن.