بودجه نیه، موچه نیه، ئیتر ده‌بێت بازاڕ چۆن بێت؟
هه‌روه‌ك ئاشكرایه له‌م چه‌رخه‌ی ئێستای مرۆڤایه‌تی كه ژیانی تێدا ده‌گوزه‌رێنێت، زۆرجار ده‌وترێت شته‌كان زوو رووده‌ده‌ن و گۆڕانكارییه‌كان خێران، له‌م كهشوههوایهشدا یه‌كێك له بواره سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی كه زیاتر له‌هه‌ر بوارێكی تر دووچاری ئه‌م گۆڕانكارییه خێرایانه ده‌بێته‌وه‌و په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به كایه‌كانی ژیانه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش بواری ئابووریه كه هه‌ڵكشان و داكشانهكهی به شێوه‌یه‌كه زۆر به خێرایی ده‌پرژێته نێو ئاستی به‌ره‌وپێشچوونی بواره‌كانی تری ژیان له‌مسه‌ری دانیشتووانی سه‌ر گۆی زه‌وی تا ئه‌وسه‌ری.
بۆیه هه‌رێمی كوردستانیش كه زۆرجار ئابووریناسان به‌وه وه‌سفی ده‌كه‌ن كه تا دێت ئاستی ئابووری و چالاكییه‌كانی ئه‌و بواره له‌م ناوچه‌یه‌دا له به‌ره‌وپێشچوون و گه‌شه‌دا بووه، له چه‌ند ساڵی رابردوودا‌و به‌تایبه‌تیش دوای رووخانی رژێمی پێشووی عیراق و له‌هه‌مانكاتدا یه‌كێكه له‌و ناوچانه‌ی كه له ئێستادا ده‌یان گه‌وره كۆمپانیا له بواره جیاجیاكاندا كار‌و چالاكییه‌كانیان له‌م هه‌رێمه گیرساندووهتهوهو بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی ئابووری به‌هێز له‌ڕووی هاموشۆی كاڵاكان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و بازاڕی جیهانی و ئه‌كتیڤبوونی بازرگانانی ناوخۆ‌و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ بازرگانانی ده‌ره‌وه‌و ئه‌و پرۆژه‌و به‌رنامانه‌ی كه به ئه‌وله‌ویه‌ت دانراون و جێبه‌جێكراون له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌مانه به‌گشتی پێمانده‌ڵێن كه ئابووری ناوچه‌كه‌مان له جوڵه‌ی به‌رده‌وامدایه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا به‌ده‌ر نه‌بووه له‌و قه‌یرانه‌ی كه به‌رۆكی ئابووری جیهانی گرتووه‌ته‌وه، جگه له‌و قه‌یرانه سیاسییه‌ی كه به‌غدا ده‌رهه‌ق به هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵێكه گرتوویه‌تیه‌به‌ر، ئه‌ویش به بڕینی بودجه‌و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و قوتی خه‌ڵكی هه‌رێمه‌كه‌مان كه كاریگه‌ری راسته‌وخۆی به‌سه‌ر بارودۆخ و ژیانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان جێهێشتووه له هه‌موو كایهكانهوهو له‌ونێوه‌نده‌شدا كاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر كڕین و فرۆشتنی زێڕ دروستكردووه.
له‌وباره‌یه‌وه زیاتر له هه‌موو كه‌س كه هه‌ستی پێده‌كه‌ن بریتین له زه‌ڕه‌نگه‌ره‌كان و ئه‌وان ده‌زانن له ئێستادا رێژه‌ی كڕین و فرۆشتن چه‌نده گۆڕانكاری به‌سه‌رداهاتووه‌و له به‌رامبه‌ریشدا دیدو بۆچوونیان له باره‌ی هۆكاره‌كانی ده‌رده‌بڕن.
گۆران فاروق كه زهڕهنگهرێكی ناو قه‌یسه‌ری شاری هه‌ولێره، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زێڕ كزی زۆری به‌خۆیه‌وه دیوه‌و خه‌ڵكی به رێژه‌ی (80%) كه‌متر له جاران ده‌یكڕن.
وتیشی: گرنگترین هۆكاره‌كانی ئه‌و كزبونه، ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستایه كه هه‌رێمی كوردستان به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت و روبه‌ڕووی قه‌یرانی دارایی بووه‌ته‌وه به‌هۆی بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ش ژیانی كۆمه‌ڵگای شێواندووه‌و پارسه‌نگی و هاوسه‌نگی به‌لادا بردووه به جۆرێك خه‌ڵك جگه‌له‌وه‌ی داهاتی كه‌مبووه‌ته‌وه هه‌روه‌ها به‌هۆی ناجێگیری بارودۆخی خه‌ڵكی كه‌متر زێڕ ده‌كڕن و زیاتر پاره‌كانیان هه‌ڵده‌گرن بۆ دابینكردنی بژێویان یان زۆرێكیش وایلێهاتووه له‌توانایدا نیه زێڕ بكرێت.
ئه‌و زه‌ڕه‌نگه‌ره ئاشكراشیكرد، به‌رزبوونه‌وه یان نزمبوونه‌وه پێوه‌ر نیه بۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانجی زیاتر، به‌ڵكو گه‌رمی بازاڕی كڕین و فرۆشتن پێوه‌ره بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
فوئاد عومه‌ر كه زهڕهنگهرێكی تری ناو بازاڕی قه‌یسه‌ریه، وتی: بودجه نیه، موچه نیه، ئیتر ده‌بێت بازاڕ چۆن بێت؟ نه‌خێر بازاڕ له 80% بۆ 90% كه‌میكردووه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه باشترین كڕیاره‌كان بۆ زێڕ بریتین له زێڕكڕینی هاوسه‌رگیری، له‌وباره‌یه‌وه زه‌ڕه‌نگه‌ری ناوبراو زانیارییه‌كانی خسته‌ڕوو و وتی: جگه له‌وه‌ی پێشتر رۆژانه خه‌ڵكی ئاسایی زۆر روویان ده‌كرده كڕینی زێڕ، هه‌روه‌ها زێڕكڕینی هاوسه‌رگیریش زۆرتر بوو، بۆ نموونه پێشتر كڕینی زێڕی هاسه‌رگیری زۆرینه‌یان (50) مسقاڵ یان به‌ره‌وسه‌ر ده‌كڕدرا، به‌ڵام ئێستا رێژه‌كه‌ی كه‌مبووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وپه‌ڕی (15 تا 25) مسقاڵ، ئه‌وه‌ش ده‌بینین به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو ئاستی كڕینه‌كه كه‌مبووه‌ته‌وه، ئه‌مه جگه له كه‌مبوونه‌وه پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری.
جه‌مال جه‌لال-ی زه‌ڕه‌نگه‌ر زیاتر تیشكی خسته‌سه‌ر ئاستی سهرفبوون و هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئابووری له جیهاندا به دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه له جیهانداو كه‌مبوونه‌وه‌ی خواست و داواكاری له‌سه‌ر زێڕ پێوه‌رن بۆ دابه‌زینی نرخی زێڕ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا لهههرێمهكهمان ده‌گوزه‌رێت بریتیه له ئیفلیجبوونی بازاڕ به‌گشتی و له‌نێویشیدا بازاڕی زێڕ به‌تایبه‌تی، واته كه‌مبوونه‌وه‌ی خواستی خه‌ڵكی ئێمه به ویستی خۆیان نیه، به‌ڵكو ئه‌و بارودۆخه وایكردووه واته بڕینی به‌شه بودجه‌كه‌مان و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانمان و هه‌روه‌ها ئه‌و شه‌ڕو ههڕهشهیهكهی كه كرایه‌سه‌ر میللـه‌ته‌كه‌مان و ناوچه‌كه‌مان به هاتنی رێكخراوی تیرۆرستی داعش، هه‌موو ئه‌مانه هۆكاری راسته‌وخۆی كاڵبوونه‌وه‌ی بازاڕهكهمانه.
ئه‌و زه‌ڕه‌نگه‌ره نموونه‌یه‌كی زیندووی له‌سه‌ر قسه‌كانی هێنایه‌وه‌و وتی: به‌ر له هاتنی ئه‌و بارودۆخه ناهه‌مواره رۆژانه نزیكه‌ی (1009) گرام زێڕم ده‌فرۆشت، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌و رێژه‌یه كه‌مبووه‌ته‌وه‌و ئه‌وپه‌ڕی (5 گرام تا 20 گرام) ده‌فرۆشم، له‌لایه‌كی تر پێشتر رۆژانه داواكاری كڕینی زێڕی هاوسه‌رگیریم هه‌بوو، به‌ڵام له ئێستادا جاری واهه‌یه له ماوه‌ی (7) رۆژ جارێك یان زیاتر ئه‌و داواكاریهم هه‌یه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش واملێده‌كات بڵێم به‌ڵێ ئاستی بازاڕمان به رێژه‌ی (75% تا 80%) كه‌میكردووه.
له باره‌ی دابه‌زینی نرخی زێڕ له بۆرسه‌ی جیهانیدا، ناوبراو وتی: چه‌ند رۆژێكه هه‌ست به دابه‌زینی نرخی زێڕ ده‌كه‌ین له بۆرسه‌ی جیهانیدا، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه‌ی زه‌ڕه‌نگه‌ر قازانجی زیاتره، چونكه هه‌رچه‌نده خه‌ڵك زیاتر رووبكه‌نه كڕینی زێڕ بۆ ئێمه باشتره، له‌به‌رئه‌وه حاڵه‌ته‌كه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه هه‌رچه‌نده نرخی زێڕ به‌رزبێته‌وه بۆ ئیمه قازانجی زیاتر ده‌بێت، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه‌یه.
بڕوا شوان ئه‌حمه‌د خاوه‌نی كۆمپانیایه‌كی هاورده‌كردنی زێڕه كه ئه‌و كۆمپانیایانه له‌ناو زه‌ڕه‌نگه‌ره‌كان به جوملهچییهكان ناسراون، وتی: به‌ڵێ بازاڕ كز‌و لاوازبووه‌و كارگه‌ری ته‌واو هه‌ستپێكراوی له‌سه‌ر به‌دیده‌كرێت و له جاران زێڕی كه‌متر هاورده ده‌كرێت ئه‌وه‌ش به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ری و هه‌روه‌ها زۆربوونی ئاسته‌نگییه‌كانی تر كه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و ئاسته‌نگییانه نه‌هێڵێت.
ئومێد ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی سه‌ندیكای زه‌ڕه‌نگه‌ران له هه‌ولێر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، كزبوونی بازاڕی كڕینی زێر به‌ته‌واوی له‌سه‌ر زهڕهنگهرهكانمان هه‌ستپێده‌كرێت، ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كانی دیار‌و به‌رچاون و ئه‌ویش ئه‌و بارودۆخه‌یه كه هه‌رێمه‌كه‌مان له ئێستادا پێیدا تێپه‌ڕده‌بێت.
وتیشی: ئێمه وه‌كو سه‌ندیكا جگه‌له‌وه‌ی تواناكانمان زۆر سنووردارن، ئاسته‌نگی زۆرمان له‌پێش بهرنامهكانماندا هه‌یه، به‌ڵام به‌رده‌وامده‌بین له داكۆكیكردن و هه‌روه‌ها فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌ن و سه‌ندیكاكانی زه‌ڕه‌نگه‌رانی بیانی، كه سه‌ره‌نجام به قازانج بۆ زه‌ڕه‌نگه‌ره‌كانی خۆمان و هاووڵاتیانمان ده‌شكێته‌وه.
جێی ئاماژه‌یه، ئه‌وه‌ی له قسه‌كانی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی سه‌ندیكای زه‌ڕه‌نگه‌ران له هه‌ولێر به‌دیده‌كران، بریتیبوون له ئاشكراكردن و ئاماژه‌كردن به كۆمه‌ڵێك له ئاسته‌نگیه‌كان كه پێیانوابوو حكومه‌تی هه‌رێم لێی به‌رپرسیاره له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی به‌رده‌وامیان بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، بۆیه له راپۆرتی داهاتوودا هه‌موو ئه‌و گله‌یی داواكارییانه كه له زاری سه‌رۆك و ئه‌ندامانی سه‌ندیكا وروژێنران ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و ته‌وه‌ره ئابووریناسێك روونتر تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییه‌ی كه له‌نێویدا پشكی شێر به‌ر پوكانه‌وه‌ی بازاڕی زێڕ كه‌وتووه، بۆیه ئابووریناس شه‌ماڵ نوری وتی: هه‌ڵكشان و داكشانی نرخی زێڕ په‌یوه‌ندی به ئابووری جیهانییه‌وه هه‌یه ئه‌مه له‌لایه‌ك، به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی كه‌وا رووی له هه‌رێمی كوردستان كردووه به بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و وه‌رگرتنیان به دوو ئه‌وه‌نده یان زیاتری ماوه‌ی دیاریكراوی موچه‌و هه‌روه‌ها بڕینی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم و راوه‌ستان و په‌ككه‌وتنی پرۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و جه‌نگی دژه‌تیرۆری جیهانی و پێداویستیه‌كانی ئه‌و جه‌نگه گه‌وره‌یه كه تێچووی رۆژانه‌ی نزیكه‌ی به (2) ملیۆن دۆلار مه‌زه‌نده ده‌كرێت له‌سه‌ر حكومه‌ت، هه‌موو ئه‌وانه هۆكارن بۆ رۆیشتنی هه‌رێم بۆ بێ بازاڕی و ئه‌گه‌ریش ئه‌م بارودۆخه به‌رده‌وامبێت ئه‌وا دوورنیه هه‌رێمه‌كه‌مان بچێته سه‌ره‌تاكانی قۆناغی بێ بازاڕی، بۆیه ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی خواستی خه‌ڵك بۆ كڕین، ره‌نگه له داهاتوودا ئه‌و خواسته پێچه‌وانه بێته‌وه بۆ خواستی فرۆشتن.
وتیشی: بازاڕی زێڕ یه‌كێكه له‌و بازاڕانه‌ی كه هاموشۆی راسته‌وخۆی له‌سه‌ره، بۆیه ئه‌و بازاڕه‌ش ئه‌و كاریگه‌رییه نه‌رێنیانه‌ی به‌ته‌واوی كه‌وتووه‌ته سه‌رو تاكه‌كان په‌نا نابه‌نه به‌ر كڕینی زێڕ، به‌ڵكو ئه‌و پاره‌یه هه‌ڵده‌گرن بۆ شتی پێویست‌تر وه‌كو خۆراك و ته‌ندروستی و پێداویستی گرنگی تر، هه‌روه‌ها جگه له‌وه‌ش له ئێستادا خه‌ڵكی ره‌نگه زۆر بیر له كڕینی زێر نه‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ست به پاره‌كانیانه‌وه ده‌گرن.
ئه‌و ئابووریناسه ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه كرد، كڕینی زێڕ یه‌كێكه له خواسته سه‌ركییه‌كانی پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌رگیری، بۆیه ئه‌و بارودۆخه‌ش وایكردووه گه‌نجانمان كه‌متر له بارودۆخی له‌باری پێشوو ژیانی هاوسه‌رگیری پێكبهێنن، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رییه‌كی تری ترسناك له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵگا به‌جێده‌هێلێت.
له كۆتاییدا ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه ئه‌و قه‌یرانه دوای چارهسهربوونیشی پێویستی به ماوه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخ وه‌ك جارانی لێبێته‌وه، بۆیه من پێشبینیده‌كه‌م ئه‌و قه‌یرانه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ چاره‌سه‌ربێت و نه‌مێنێت ئه‌وا پێویستیمان به ماوه‌ی (6) مانگی تر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه بارودۆخی جاری جاران.
ماوه‌ته‌وه بڵێین، ئه‌و قه‌یرانه ئابووریه‌ی هه‌رێمه‌كه‌مان هه‌موو سێكته‌ره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه، له‌م رووه‌وه هاووڵاتیان چاویان بڕیوه‌ته به‌ر هه‌وڵ و تواناكی حكومه‌تی هه‌رێم كه به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی مێژوویی كه‌وتووه‌ته سه‌رشان له‌م قۆناغه‌ی ئێستاداو چاره‌سه‌ركردنی گرژی و ئاڵۆزیه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوهندو شه‌فافیه‌ت له‌گه‌ڵ رای گشتی و هاوكات سه‌ركه‌وتن له‌و جه‌نگه‌ی كه گه‌له‌كه‌مان له جیاتی هه‌موو جیهان له‌دژی رێكخراوی تیرۆرستی داعش ده‌یكات.
PUKmedia