بەپێی راپۆرتی لیژنەی بەدواداچونی هاتوچۆ و تەلەفکردنى پسوڵەى نەوت وبەنزین و گاز لە سنورى پارێزگاى سلێمانى لەماوەى 10 مانگى رابردوودا 790 هەزار و 251 خێزان نەوتى پێگەیشتووە، برى 170 ملیۆن و 686 هەزار و 440 لیتر نەوت دابەشکراوە.
رائید جلال احمد سەرۆکی لیژنەی هاتوچۆ و و تەلەفکردنى پسوڵەى نەوت وبەنزین و گاز بەدواداچونی لە لیژنەهاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: پاش سەردانکردنی لیژنەکەیان لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا لە 1/1 تاوەکو 1/11/2014 بەردەوام سەردانى کۆگاکانى دابەشکردنى سوتەمەنی و سەندیکا و بازگەکانیان کردووە و رێنمایان پێداون بۆئەوەى لە کاتى خۆیدا و بەبێ گرفت سوتەمەنى بگاتە دەستى هاوڵاتیانى شارى سلێمانى و قەزاو ناحییەکان.
ووتیشی بەهۆى سەردانکردن و بەدواداچوونکردنیان سەرپێچییەکان بەشێوەیەکى بەرچاو کەمى کردووە بەجۆرێک لە ماوەى 849 سەرداندا تەنها 25 پسوڵەى نەوت دەستى بەسەردا گیراوە و 3 شۆفێریش بەهۆى سکاڵاى هاوڵاتیانەوە رووبەرووى دادگا کراونەتەوە، هەروەها ئاماژەى بەوەشکرد لیژنەکەیان رێگرى دەکات لە فرۆشتنى نەوت و بەنزین بە شێوەیەکى نایاسایى لەم ساڵدا دەست گیراوە بەسەر 830 دەبە بەنزین کە لەسەر شەقامەکان بەشێوەیەکى نایاسایى دەفرۆشرێت.
سەرۆکی لیژنەکە راشیگەیاند هەرخێزانێک ساڵانە 2 پسوڵە وەردەگرێت و بۆ هەر پسوڵەیەکیش 216 لیترى نەوتى پێدەدرێت و تا ئێستا 790 هەزار و 251 خێزان نەوتى پێگەیشتووە، برى 170 ملیۆن و 686 هەزار و 440 لیتر نەوت دابەشکراوە. بۆ ئەوەى هاوڵاتیان لەکاتى خۆیدا برى سوتەمەنى دیارکراوى پێبگات گەڕان و بەسەرکردنەوەکانیان بەردەوام دەبێت.