پێشکەوتووترین سیستمى کامێرای چاودێرى دەهێندرێتە هەرێمى کوردستان

رێکخراوێکى ئیتاڵى بەنیازە پێشکەوتووترین سیستمى کامێراى چاودێرى بهێنێتە هەرێمى کوردستان کە لەرێگەیەوە دەتوانرێت بەر لە هەر رووداوێکى نەخوازراو رێگرى بکرێت و ئەنجام دەرانى ئاشکرا بکرێت .
 ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى لەگەل بەڕێوەبەر و ژمارەیەک لە کارمەندانى رێکخراو (هیلەرى ئیتاڵى) کە یەکێکە لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کە ئەزمونێکى گەورەیان هەیە لە بوارى نوێترین و پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیاى جیهاندا کۆبۆوە.
 
 لەو دیدارەدا سەرۆکى رێکخراوەکە رایگەیاند دەیانەوێت پێشکەوتوترین سیستمى کامێرى چاودێرى لە هەرێمى کوردستان جێبەجێ بکەن کە نوێترین تەکنەلۆژیاى جیهانى تێدا بەکار هاتووە و لە توانایدایە  بەر لە هەر رووداوێکى نەخوازراو رێگرى لێ بکرێت و شکست بەهەموو هەوڵێکى تێکدەران بهێنێت و هەروەها ئەنجامدەرانى رووداوەکانیش ئاشکرا بکات .
 
لە دیدارەکەدا قائیمقامى سلێمانى پێشوازى لە پڕۆژەکانى رێکخراوەکە کرد و رایگەیاند هەرچەندە لە هەرێمى کوردستان ئاسایش و ئارامی تا ئاستێکى بەرچاو پارێزراوە بەڵام  لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە ئاڵۆزیەکى زۆردا تێدەپەڕێت و هەڕەشەى تیرۆر لە ئارادایە بۆ رێگرى کردن لە هەر رووداوێکى نەخوازرا و ئاشکرا کردنى ئەو پیلانانەى کە دەیانەوێت ئاسایش و ئارامى هاوڵاتیان تێکبدەن  پێویستیەکى زۆریان بەو سیستمە پێشکەوتووە هەیە و مەبەستیانە  لەو رێگەیەشەوە ئارامى و ئاسایشى زیاتر بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن .
 
 قائیمقامى سلێمانى داواشى لە لێپسراوانى رێکخراوەکە کرد پەلە بکەن لە جێبەجێ کردنى سیستمەکە لە شارى سلێمانى و ناوچەکانى ترى کوردستان و ئامادەى خۆشی نیشاندا بۆ پێشکەش کردنى هەر هاریکارییەک  بۆ ئەوەى لە ئایندەیەکى نزیکدا هەرێمى کوردستان ببێتە خاوەنى ئەو سیستمە پێشکەوتووەى  بوارى کامێراى چاودێرى.