بەپێی لێدوانی بازرگانێكی قوماش و ئەندامی ئەنجومەنی كارگێری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەئێستادا بازاڕی قوماش بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و بازرگانیكردن لەگەڵ شارەكانی خواروی عێراقیش نەماوە.
عەتا رەجەب رەحمان بازرگانی قوماش و ئەندامی ئەنجومەنی كارگێری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە سایتی ژوری ڕایگەیاند” ئەمساڵ بازاڕی قوماش زۆر لاواز بووە لە كاتێكدا لەوەرزی پایزدا بازاڕی قوماش دەبێت گەرمبێت بەڵام ئەمساڵ بازاڕ نیە كوتاڵ فرۆشان هەمویان نیگەرانن لە نەفرۆشتنی قوماشەكانیان و بێبازاڕی”
ئەو ئەندامەی ژوری بازرگانی هۆكارەكەی بۆ بێبودجەیی و پێنەدانی موچە دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت ئەو ڕەوشەی لە عێراق و هەرێمدا هەیە بەهۆی شەری داعشەوەیە.
سەبارەت بە ئاڵو گۆڕی بازرگانی قوماش لە نێوان هەرێم و ناوچەكانی خواروی عێراق وتی” هەموو بازرگانیەك وەستاوە لە نێوان شارەكانی هەرێم و عێراق نە لێرەوە قوماش دەڕوات نە لەوێشەوە قوماش دێت”
عەتا حاجی رەجەب ئاماژە بەوەشدەكات لەساڵانی ڕابردودا قوماش فرۆشەكانی لەوەرزی پایزدا بەشێوەیەكی باش بازاڕیان دەجوڵا و هاووڵاتیان جلوبەرگی نوێیان دەكڕی بەڵام لەمساڵدا بەڕێژەی لە 90% بازاڕ ڕاوەستاوە.