خزمەتگوزارییەکانی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی چاودێری دەکرێت و رێگە نادرێت بەشداربووانی ئەو یەکانە رووبەڕووی زیان ببنەوە.
بەمەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیانی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون بە جۆرێک کە بەرژەوەندی گشتی تێیدا رەچاوبکرێت و هاوڵاتیان تێیدا زەرەرمەند نەبن، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەدیوانى قائیمقامییەت لەگەڵ نوێنەرانی هەریەک لە یەکێتی وەبەرهێنەران و بەرێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی و لایەنە پەیوەنیدارەکاندا کۆبویەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قائیمقامی سلێمانی داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بە پێى بریارى سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى وەبەرهێنان سەرپەرشتى چۆنییەتى جێبەجێکردنى پرۆژەى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبوون بکەن، وەبەرهێنەران دەتوانن لەبرى بەڵێندەران خۆیان خزمەتگوزارییەکانى دەرەوەى پرۆژەکانیان بگەیەننە سنورى پرۆژەکانیان بە پێى نەخشە کارپێکراوەکان.
لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا ئاوات محەمەد ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: لەلایەن قائیمقامییەتی سلێمانییەوە چاودێری خزمەتگوزاری سەرجەم یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکرێت و لە کاتی سەرپێچیدا لێپرسینەوەی یاسایان لەگەڵ دەکرێت .