بەهۆی سزا ئابورییەكانەوە كۆریایی باكور كرێكاری دەكات

حكومەتی كۆریای باكور بە هەزاران هاوڵاتی خۆی بەمەبەستی كاركردن رەوانەی قەتەر كردووە و بەشی هەر زۆری موچەی ئەو كرێكارانەش بۆخۆی دەبات.
چەند سەرچاوەیەك باس لەوەدەكەن حكومەتی كۆریای باكور سەدان كرێكاری رەوانەی وڵاتی قەتەر كردووە، بۆ ئەوەی لە پرۆژەكانی بیناسازی تایبەت بە مۆندیالی 2022 دا كاربكەن.
بەپێی ئەو سەرچاوانە لە نێوان 70% بۆ 90% ی كرێی كاركردنی ئەو كرێكارانە بۆ حكومەتی كۆریا دەبێت و تەنیا 10%  بۆ 30% ی دەدرێتە خودی كرێكارەكان، ئەویش دوای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەكەیان.
لە ئێستا دا نزیكەی 3 هەزار كرێكاری كۆری لە قەتەر كاردەكەن و نزیكەی 60 هەزار كرێكاریتریش لە وڵاتانی روسیا، مەنگولیا و چین بە هەمان شێوە كاردەكەن.
بەرهەڵستكارانی حكومەتی پیونگ یانگ ئەو جۆرە هەڵسوكەوتەیان وەك “كۆیلەكردنی مرۆڤەكان لە سەدەی 21 “ناوبردووە.
ئابوری كۆریای باكور بە هۆی سزا نێودەوڵەتیەكانەوە تووشی داڕمان بووە و حكومەتی ئەو وڵاتە وەك سەرچاوەیەكی دابین كردنی داهات لە كرێی كاركردنی ئەو كرێكارانە دەڕوانێت.