خۆزیە موخیكا سەرۆكی ئۆرۆگوای ئاشكرای كردووە سەرمایەدارێكی عەرەب داوای لێكردووە ئۆتۆمبێلە كۆنەكەی خۆی پێبفرۆشێت.
خۆزیە موخیكا باسی لەوەكردووە، لە كۆبوونەوەیەكدا لە بولیڤیا لەلایەن سەرمایەدارێكی عەرەبەوە پێشنیاری ئەوەی خراوەتەبەردەم، كە ئۆتۆمبێلە ڤۆلكس ڤاگۆنەكەی كە مۆدیلی 1987 ە بە بڕی یەك ملیۆن دۆلار پێبفرۆشێت.
سەرۆكی ئۆرۆگوای راشیگەیاندووە، تا ئێستا ئەو پێشنیارەی قبوڵ نەكردووە، بەڵام گەربێت و بەو پێشنیارە رازی بێت ئەوا پارەكەی بۆ دروستكردنی خانوو بۆ هەژاران و كەمدەرامەتان تەرخان دەكات.
خۆزیە موخیكای تەمەن 79 ساڵ، كە بە یەكێك لە هەژارترین سەرۆكەكانی جیهان دادەنرێت، لە ساڵی 2010 دا سەرجەم سامانەكەی 1800 دۆلار بوو، كە لەو بڕەش 1200 دۆلاری نرخی ئۆتۆمبێلە كۆنەكەی بوو.
موخیكا لە كێڵگەیەكی ئاساییدا ژیان بەسەردەبات و بەشی زۆری موچە و داهاتەكەی دەبەخشێتە كەسانی كەمدەرامەت و كەسایەتیەكی چەپگرە، كە نزیكەی 14 ساڵ لە زیندانی دەسەڵاتدارانی پێشووی ئۆرۆگوای دابووە.