بەهۆی داعشەوە رۆژانە زیانی 400 هەزار بەرمیل نەوت بەر عێراق دەكەوێت

وەزارەتی نەوتی عێراق، زیانەكانی عێراق لە بواری هەناردەی نەوت ئاشكرا دەكات و بە پێی زانیارییەكانیش، عێراق رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت زیانی پێگەشتووە، هۆكاری بنەڕەتی ئەو بۆ راوەستانی هەناردەی كەركوك و كۆنترۆڵكردنی هەندێ‌ كێلگە نەوتییەكان لەلایەن چەكدارانی داعش، دەگەڕێنێتەوە.
 عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لە بواری هەناردە كردندا رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت زیان بە عێراق گەیشتووە.
عاسم جیهاد لە درێژەی لێدوانەكەیدا وتی: “بە هۆی راوەستانی هەناردەی نەوت لە هێڵەكانی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، (300 تا 400) هەزار بەرمیلی نەوت لە رۆژێكدا ئاستی هەناردە كردنی نەوتی عێراق كەمی كردووە كە رێژەی پارەكەی دەكاتە (یەك ملیار و 200 ملیۆن) دۆلار لە مانگێكدا.
 
عاسم جیهاد بەشێكی ئەو زیانەی بۆ بازرگانییەكانی داعش بە نەوتی عێراق گەڕاندەوە بە تایبەتیش كە ئێستا كێڵگە نەوتییەكانی موسڵ و سەلاحەدین لە ژێر كونتڕۆڵی داعشدایە.
 
بەپێی لێدوانی وتەبێژەی وەزارەتی نەوتی عێراق، داعش لە رێگەی سنورەكانی سوریا و توركیاوە نەوت بە رێگەی نایاسایی، ئاودیو دەكات.