لە دوو رێوڕەسمی جیادا بەردی بناغەی تێرمیناڵێكی نوێ لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دانرا و پرۆژەی گوندی كارگۆش كرایەوە.
لە رێوڕەسمێكدا كە هەریەكە لە سیروان محەمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و هەریەكە لە یاسین رەحیم جێگری یەكەم ونەوزاد غەفور جێگری دووەمی سەرۆكی ژور و عوسمان فەتاح ئەندامی ئەجومەن بەشداربون، بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و هەریەكە لە وەزیرانی ئاوەدانكردنەوە و خوێندنی باڵا و دارایی و گواستنەوە و گەیاندن و ژمارەیەك لەپەرلەمانتاران و بەهرۆز حەمە ساڵح پارێزگاری سلێمانی بەردی بناغەی تێرمیناڵێكی نوێ لە فڕۆكەخانەی سلێمانی دانرا و دواتر لە رێوڕەسمێكی تردا پرۆژەی گوندی كارگۆ لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی كرایەوە , لەسەرەتایی مەراسیمەكەدا ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا بەرێوبەری گشتی فڕۆكەخانەی سلێمانی وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا باسی لە گرنگی پڕۆژەكە و كاریگەرییەكانی لەپەرەسەندنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیدا كرد و راشیگەیاند كە پرۆژەكە لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە سەرپەرشتی دەكرێت و هەوڵیش دەدەن لە ماوەی رابردوودا پڕۆژەكە فراونتر بكەن .
هاوكات جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی لە وتەیەكیدا وتی: “ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێكی تری گرنگە بۆ بەستنەوەی كوردستان و سلێمانی بە جیهانەوە”.
وتیشی: “فڕۆكەخانەكانی كوردستان بوونەتە هاوكاری حكومەتی هەرێم بۆ هێنانی چەك و هاوكاری سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانیەوە، لە ئایندەشدا فڕۆكەخانەی سلێمانی دەبێتە بنكەیەكی ڕاهێنان بۆ مەشقكردن بە فڕۆكەوانەكانی كوردستان”.
جێگری سەرۆكی حكومەت باسی لەوەشكرد، كە “بە هەبوونی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان ئێمەش دەتوانین دەرباز بین لەو ئابڵۆقەی كە لەلایەن نەیارەكانمانەوە هەوڵدەدرێت بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان”.
قوباد تاڵەبانی تەئكیدی كردەوە، كە “پێویستە سوپاسی ئەو كەسانە بكەین كە بەردەوام هاوكاری هەرێمی كوردستان بوون و هاوكاریش بوون بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، كە ئەوانەش (مام جەلال، د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح، عومەر فەتاح، عیماد ئەحمەد)ن”.