پارێزگاری سلێمانی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە دەكات لەسەر لەبەرچاو نەگرتنی سنوری قەدەغەكراوی هێڵی گواستنەوەی ئاوی سلێمانی و دروستكردنی بیناو پرۆژە لە نزیك هێڵەكە.
بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی، بە یاوەری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەرێوەبەری ئاوی سلێمانی بەشێك لە رێرەوی هێڵی دووەمی ئاوی سلێمانی بەسەركردەوە، كە لە چەند شوێنێك سنوری قەدەغەكراوی هێڵەكە لەبەرچاو نەگیراوەو خانوو بیناو پرۆژەی لە نزیك یان لەسەر بونیاد نراوە.
لە بەسەركردنەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی مەترسی ئەو زیادەرۆییانەی لەسەر گیان و ماڵی هاووڵاتیان خستەروو، رایگەیاند لە رووی زانستییەوە دەبێت لە سنوری قەدەغەكراوی هێلەكەدا هیچ جۆرە بینایەك دروست نەكرێت چونكە بە هێزێكی زۆر ئاو بە هێڵەكەدا ئاراستە دەكرێت و لە حاڵەتی دروست بوونی كێشە لە هێڵەكەدا و تەقینی بۆرییەكان زەرەو زیانی گیانی و ماڵی گەورە بەو كەسانە دەگەیەنێت كە لە هێڵەكە نزیك بن.
هەر لە بەرسەركردنەوەكەدا پارێزگار لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد بەزووترین كات كار بكەن بۆ ئاگاداركردنەوەی ئەو لایەنانەی زیادەڕەویان كردووەو لابردنی ئەو زیادەرەویانەو دانانی رێوشوێنی نوێ بۆ ئەوەی هیچ كەسێك سنوری قەدەغەكراوی هێڵەكە نەبەزێنێت.
پارێزگار تەئكیدشی كردەوە ئەو كەس و لایەنانەی بێ ئاگاداری لایەنی پەیوەندیدار و بە تایبەت بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی پرۆژە و بینا لە نزیك هێڵەكە دەكەن لە حاڵەتی هەر رووداوێكی نەخوازراودا خۆیان بەرپرس دەبن و داوای لە بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیش كرد رێنمای بدەن بە هاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر رێرەوی هێلەكەو سنورە قەدەغەكراوەكەی.