سلێمانى: گرفتى کەمى غازى ماڵان بە تەواوى چارەسەر کرا

قائیمقامى سلێمانى هاوڵاتیان دڵنیادەکاتەوە گرفتى کەمى غازى ماڵان بەتەواوى چارەسەر کراوە و هاوشێوەى پێشووتر بڕى پێویستى غاز دەگاتە شارى سلێمانى و بەپێى ژمارەى دانیشتوان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت ، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات هیچ هۆکارێک بۆ زیادکردنى نرخى غاز نیەو داواش
 لە هاوڵاتیان دەکات لەئەگەر بەرزبوونەوەى نرخەکەیدا لیژنەکان ئاگاداربکەنەوە بۆ ئەوەى سەرپێچى کاران رووبەڕووى سزا بکرێنەوە.  
ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى  لەگەڵ لێپسراوانى پەیوەندیداردا کۆبوویەوە و رایگەیاند ئێستا هاوشێوەى پێشووتر بڕى پێویستى غاز دەگاتە شارى سلێمانى بەمەش گرفتى کەمى غاز بەتەواوى لە شارى سلێمانى چارەسەرکراوە و لەهەوڵى بەردەوامیشدان کە رێگرى لە دووبارە سەرهەڵدانەوەى کێشەکە بکەن ، 
قائیمقامى سلێمانى هاوڵاتیانى دڵنیاکردەوە کە رۆژانە بڕى پێویستى غاز بەپێى ژمارەى دانیشتوان دەگاتە هەموو شوێنەکانى شارى سلێمانى و دەوروبەرى و بەشێوەیەکى یەکسان و بەبێ گرفت غاز بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت ،
ئاوات محەمەد ووتیشى هاوشێوەى پێشووتر غاز بۆ هەموو ئەو شوێنانە دابین دەکەن کە بەغاز کاردەکەن و لەهەوڵیشدان بەنرخێکى گونجاو غاز بۆ یەکەکانى نیشتەجێبوون دابین بکەن، ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد هیچ هۆکارێک بۆ زیادکردنى نرخى غاز لە ئارادا نیەو نرخى هەر بوتڵێک غاز تەنها 6 هەزار و 250 دینارەو هەر کەسێک پابەند نەبێت بەو نرخەوە رووبەڕووى سزاى یاسایى دەکرێتەوە