مامۆستایەكی زانكۆ رادەگەیەنێت ئەگەر حكومەتو پەرلەمانبەرنامەو پلانێك دادەنەنێتن بۆ چارەسەركردنی بێكاری ئەوا ئەو كێشەیە لەهەرێمی كوردستان بەرەو مەترسی دەڕوات، د. بەسمە محەمەد مامۆستای كۆلێجی بازرگانی لەزانكۆی سلێمانی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ شارپرێس رایگەیاند كە یەكێك لە رێگە چارەسەرەكانی بێكاری ئەوەیە حكومەتی هەرێم كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات بۆ ئەوەی كۆتایی بەو قەیرانە بێتو بەغداش بودجە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.
* بێكاری چییەو بەكێ دەوترێت بێكاری؟
بەسمە محەمەد: بێكاری ئەو كەسەیە كە كارێكی نەبێتو نەتوانێت بژێوی خۆی دابین بكات، واتە ئەو كەسەیە بەرهەمی نییە كە خزمەتی خۆیو كۆمەڵگەكەی دابین بكات، كەسێكە توانای كاركردنی هەیەو كار نیە بیكات بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە ئابورییەكانی خۆی دابین بكات، جا لە وڵاتی ئێمە ئەوەی لە حكومەت دانەمەزرابێت پێی دەڵێن ئەوە بێكارە گەنجی ئێمەی پێی وایە تاقە رێگە بۆ ئەوەی بژێوی خۆی دابین بكات ئەوەیە كە لەدەزگایەكی حكومەت كار بكات، بەڵام ئەمە وانییە لە وڵاتانی دونیا ئەوانەی لەكەرتی گشتیدا كار دەكەن زۆر كەمترن لەوانەی لە كەرتی تایبەتدا كار دەكەن.
* باسی رێژەی جیاواز دەكرێت بۆ بێكاری لەهەرێمی كوردستان تۆ پێتوایە ئەو رێژەیە چەندە؟
بەسمە محەمەد: دروست بوونی ئەو قەیرانە داراییە رێژەی بێكاری زیاتر كردوە، چونكە زۆربەی كۆمپانیاكانو شوێنەكانی تری كاركردن ژمارەیەك لەكارمەندەكانیان ناردوەتەوە ماڵەوە، پرۆژەكان وەستاون، واتە جوڵە ئابورییەكان سست بوون یان وەستاون ئەوەش كاریگەری گەورەی لەسەر كەمبوونەوەی بێكاری هەیە، بۆیە پێم وایە ئەو قەیرانە داراییەی كە دروست بووە رێژەی بێكاری بەرزتر كردوەتەوە، بۆیە ئەگەر فریای ئەو كێشەیە نەكەون رێژەكە بەرەو مەترسی دەچێت.
* چارەسەر چییە بۆ كەمكردنەوەی؟
بەسمە محەمەد: كەمكردنەوەی بێكاری تەنیا بە حكومەتیش ناكرێت، پێویستە لە ناو شارەكاندا چەند سەنتەرێك هەبێت بۆ دۆزینەوەی شوێنی كار بۆ گەنجان، من ئێستا خەریكی پرۆژەیەكی لەو جۆرەم، پێویستە جۆب سەنتەرێكی وا بكرێتەوە كە خەڵك بێت ناوی تیا بنوسرێت بۆ دۆزینەوەی كار بۆ ئەو خەڵكانە مەسەلەن یەكێك كارێك دەزانێت لەرێگەی ئەو سەنتەرەوە ناوی خۆی بنوسێت كە بچێت كارێك بكاتو چۆنیەتی خستنە سەر كارەكەی پێ بڵێیت.
* تۆ وەك شارەزایەكی لەو بوارەدا پێتوایە حكومەت شكستی هێناوە لەچارەسەركردنی بێكاری؟
بەسمە محەمەد: بەڵێ بە دڵنیایەوە شكستی هێناوە، نەك هەر ئەوەش بەڵكو بێكاری شاراوەشی دروست كردوە لەرێگەی دامەزراندنی بێ سنوری خەڵك لە دامودەزگاكانی حكومەتدا بەبێ ئەوەی هیچ كارێكیان هەبێت لەو فەرمانگانەدا جاری وا هەیە ئیشی كارمەندێك كۆمەڵێك كارمەند دەیكات، ماوەیەك بوو بە هەڕەمەكی خەڵكیان دادەمەزراند كە ئێستا لەناو ئەو دەزگایانەدا بێكارن، بوون بەبار بەسەر فەرمانگەكانی حكومەتەوە،ئەمە سیستەمێكی هەڵەیە تازە لە چارەكردنیش دەرچووە ئێستا دۆخەكە ئاڵۆزتر بووە.
* هیچ بەرنامەیەك بەدی دەكەیت لەلایەن حكومەتەوە هەبیت بۆ چارەسەركردنی ئەم كیشەیە؟
بەسمە محەمەد: من نازانم حكومەت چی بەرنامەیەكی هەیە، چونكە ئێستا هەموو بوارەكان شەلەلیان تێكەوتووە بەهۆی ئەو قەیرانە دارایەی كە دروست بووە، بەڵام دەبێت پەرلەكمانی كوردستان لەئێستاوە خەریك بێت بەرنامەو یاسایەك دابنێت بۆ دوای چارەسەر بوونی قەیرانەكە
* بەبڕوای تۆ دابەشكرندنی فۆڕوم ئەو شێوازەی لەرابردوودا بەكار هێنرا بۆ دامەزراندن رێگەیەكی سەركەوتووبوو؟
بەسمە محەمەد: حكومەت ئەم رێگەیەی بە كارهێناوە بۆ چارەسەركردنی بێكاریو كەمكردنەوەی توڕەیی خەڵك، هاتووە كۆمەڵێك خەڵكی دامەزراندوە، بەڵام ئەمە رێگەچارەسەر نییەو بەوە چارەسەر نابێت، دەبێت حكومەت رێگەی تر بدۆزێتەوە، دامەزراندن پێویستە لەرێگای سیڤیەوە بێت، حكومەت دەرچووی ئەمساڵی دامەزراندووە بەڵام دەرچووی دوو ساڵی رابردووی دانەمەزراندوە، رەنگە دەرچووی ئەو دوو ساڵە توانای زیاتریش بێت، خاڵێكی تری زۆر گرنگ هەیە ئەویش سیستەمی سۆشیال ئەگەر ئەمە پەیڕەو بكرێت لەهەرێمی كوردستاندا چارەسەری بەشێكی گرنگی كێشەكە دەكات، بۆیە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا پەیڕەوی لەو سیستەمە ئەكەن كە لانیكەم توانای بەشێكی چارەسەرەی كێشەكە هەیە، بۆیە بەبڕوای من سیستەمی فۆڕمەكە كێشەكەی دواخستووە نەك چارەسەری بكات، قەیرانەكە بەقەیران چارەسەر كراوە، گەنجیش دەبێت ئەوە بزانێت كە حكومەت ناتوانێت هەموو شتێكی بۆ بكات، دەبێت خۆی هەوڵ بدات، واتە لەتوانی حكومەتدا نییە هەموو كەس تاعین بكات، بەڵكو دەبێت كەرتی تایبەت كارا بكرێت بۆ ئەوەی گەنجەكان كاری تێدا بكەن، فۆڕەمەكە بەو جۆرە نەبێت، بلەڵكو لەرێگەی سیڤییەوە بێت كە كۆمەڵێك پێوەری تیا بێت.
* ئێستا قەیرانێكی دارایی دروست بووە لەگەڵیشیدا بێكاری سەری هەڵداوە، هاوكات كرێكاری بیانی لەهەرێم زۆرە پێتوایە دەبێت رەوانەی ولاتەكانیان بكرێنەوە بۆ ئەوەی دەستی ناوخۆی جێگەیان بگرێتەوە؟
بەسمە محەمەد: تائێستا سەقافەتی ئیشكردن لە وڵاتی ئێمە دروست نەبووە كە خەڵك هەموو كارێك بكات، بۆنموونە هەموو كەس شەقامو كۆڵانەكان پاك ناكەتەوە كەنناسی ناكات یان ئامادە نییە شت لەسەر عارەبانە فرۆشێت یان كارگوزاری بكات لەماڵان، بۆیە لەم حاڵەتەدا دەستی كاری بیانی پێیوستە، بەڵام كاتێك دەستی كاری ناوخۆی ئەمە ناكات ناچار دەستی كاری بیانی بمێنێتەوە لە ولاتەكەدا، واتە ئەوەی كرێكارە بیانیەكە دەیكات خەڵكی لای خۆمان نایكات، ئەگەر وا نەبوایە كوردەكەش كاری دەدا بە كوری خۆمان بەخەڵكی خۆمان، لە وڵاتان كاری كەنناسی نرخی زۆرە دەبێـ بروانامەت هەبیت مووچەشی زیاترە، ئێمە كێشەی ترمان ئەوەیە نەكەرتی پیشەسازی نەكەرتی كشتوكاڵیش پێشكەوتووە لەهەرێم بۆیە ناچارە پشت تەنیا بە دامەزراندن دەبەسترێت، ئەگەر بۆنموونە كارگەیەكی پێشەسازی هەبێت سێ سەد كەس لەو كارگەیە كاری بۆ دەدۆزیتەوە، بەڵام بەداخەوە لەرابردوودا ئەو دوو كەرتە پشتوگوێ خراوە.
* كاریگەرییەكانی بێكاری چییە لەسەر كۆمەڵگە؟
بەسمە محەمەد: كاریگەری زۆر مەترسیداری هەیە، رەنگە كەسی بێكار دوچارە ئالودەبوون بە مادەی بێ هۆشكەر یان خۆكوشتن یان جۆرەكانی تاوان زیاد دە كات، مەسەلەن جیابوونەوەی هاوسەرەكان، یان دابڕان لەخوێندن، بێكاری كاریگەری مەترسیداری هەیە، بەداخەوە لەهەڵبژاردنە حزبەكان بیمەری كۆمەڵایەتیان كردبووە بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام هیچیان كاریان بۆی نەكرد، ئەگەر ئەم زەمانە هەبێت زۆر كێشە چارەسەر دەكات.
* حكومەتی هەرێم چۆن دەتوانێت چارەسەری بێ كاری بكات؟
بەسمە محەمەد: ئەمە پرسیارە پێویستە لە حكومەت بكرێت كە چۆن چارەسەر دەكات ئایا بەرنامەو پلانی چییە، بەبڕوای من یەكێك لەرێگە چارەكان ئەوەیە حكومەتی هەرێم كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات بۆ ئەوەی كۆتایی بەو قەیرانە بێتو بەغداش بودجە رەوانی هەرێم بكات، ئێستا راگەیاندنەكان دەورێكی خراپ دەگێرن لەم روەوە، كەناڵێك دەلێت مووچە دێت یەكێكی تر دەڵێت مووچە نایەت ئەمە بۆسەر سایكۆلۆجی خەڵك زۆر خراپە یاری كردنە بەعەقڵی خەڵك، ئەمە كاریگەریەكی زۆر خراپی دەبێت، پێویستە حكومەتی هەرێم كێشەكانی چارەسەر بكات، ئەگەرنا پێمان بڵێت بەربەستەكان چیین بۆمان روون بكاتەوە كێ خەتابارە لەكێشەكانی نێوان هەرێمو بەغداد.
شارپرێس