كۆنسۆلی گشتی فەرەنسا ڕایگەیاند لەمانگی (1)ی ساڵی ئایندە، كۆمپانیا گەورەكانی فەرەنسا سەردانی هەررێمی كوردستان دەكەن تا بەشداربن لەئاوەدانكردنەوەو جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژی.
ئەو قسانەی ئالان كێپخاتو كۆنسوڵی گشتی لەهەرێمی كوردستان، لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بوو لەگەڵ ڕێباز محەمەد حملان وەزیری داراییو ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە ڕێباز محەمەد لەو كۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بەقەیرانی دارایی كرد كە بەهۆی برینی بودجەو موچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە لەسەرەتای ساڵەوە كە تا ئێستاش درێژەی كێشاوە، هەروەها رایگەیاند جگە لەوەش هەرێمی كوردستان بەهۆی هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش زیاتر لە ملیۆنێكو چوار سەد ئاوارە ڕووی لە شارەكانی هەرێم كردووە كە ئەمەش باری دارایی حكومەتی قورستر كردووە، لە ڕووی دابین كردنی خزمەت گوزاری و شوێنەوە، كە ئەمڕۆش هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەی جەنگ دان بەدرێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر، ئەمانەش ئەركی حكومەتیان لە ڕووی دارایی و پێداویستی سەربازیەوە قورستر كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا كە پێشمەرگە بەدەستوور بەشێكە لە سیستەمی وەزارەتی بەرگری عێراق لە ڕووی دابین كردنی بودجەو موچەو پڕ چەك كردنیان، كە تا ئێستا عێراق پابەندی ئەو ماددە دەستووریە نەبووە، بەڵام حكومەتی هەرێم لە ڕێگای پلانی توكمەوە بە پشت بەستن بەداهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوت توانیویەتی موچەی فەرمانبەران دابین بكات لەگەڵ ئەوەی دوا كەوتنیشی بە خۆوە دیوە، وە داواشی كرد حكومەتی فەرەنسا تواناكانیان زیاتر چڕبكەنەوە و فشار بخەنە سەر حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی حكومەت بنێرێت
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداش وەزیری دارایی هەرێم ئاماژەی بە بەشداری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە حكومەتەكەی عەبادی كرد و بەو هیوایەی كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی ئەرێنیشی بەدی ناكرێت.
هەروەها وەزیری دارایی هەرێم هاتنی كۆمپانیاكانی فەرەنسای بە گرنگ وەسف كرد و ئامادەیی وەزارەتی دارایشی خستەڕوو بۆ هەر كار ئاسانی و هەماهەنگیەك.