پسوڵه‌ی 22ی نه‌وت دابه‌ش ده‌كرێت

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كانی سلێمانی ئاشكرایكرد، ده‌ستیان به‌دابه‌شكردنی نه‌وت كردوه‌‌و به‌مزوانه‌ش پسوڵه‌ی نوێی نه‌وت دابه‌ش ده‌كه‌ن.
(جه‌مال جه‌لال) به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، پسوڵه‌ی ژماره‌ (22)ی دابه‌شكردنی نه‌وت له‌قه‌زا‌و ناحیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانی دابه‌شكراوه‌، تا ئێستاش له‌ناو شاری سلێمانیدا، له‌كۆی (11) بنكه‌ی دابه‌شكردنی خۆراك، له‌هه‌شت بنكه‌دا پسوڵه‌كه‌ دابه‌ش كراوه‌، له‌سبه‌ینێشه‌وه‌ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی پسوڵه‌كه‌ بۆ بنكه‌ی نۆ ده‌كه‌ن.
وتیشی:”به‌گوێره‌ی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی پێمان ده‌گات، به‌رده‌وام ده‌بین له‌دابه‌شكردنی نه‌وت، داواشمان له‌وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان كردوه‌، پسوڵه‌ی ژماره‌ (23، 24‌و 25)مان بۆ چاپ بكه‌ن”.
جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كانی سلێمانی هێمای به‌وه‌شكرد، له‌ناو شاری سلێمانیدا، چه‌ند گه‌ڕه‌كێك نه‌وتی پسوڵه‌ی (21)یان وه‌رنه‌گرتوه‌‌و هه‌ر كات ته‌واوكرا، ڕاسته‌وخۆ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی نه‌وت به‌پسوڵه‌ی (22) ده‌كه‌ن.
——————