له‌ سلێمانی‌ دیارده‌ی‌ زیاده‌ڕەویی‌ بنه‌بڕده‌كرێت

 
قایمقامیه‌تی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڵمه‌ته‌ به‌رفراوانه‌كه‌یان به‌ هه‌ماهه‌نگی فه‌رمانگه‌كانی‌ تر بۆ لابردنی‌ زیاده‌ڕه‌وییه‌كان له‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌رده‌وامه‌و تا ئێستا ژماره‌یه‌كی‌ زۆریان لابراون و سه‌رپه‌رشتیارانی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نن له‌هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن تا هه‌موو ئه‌و زیاده‌ڕه‌وییانه‌ لاده‌به‌ن كه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر موڵكی‌ گشتی‌ و گرفتیان بۆ هاوڵاتیان دروست كردووه‌.
 
شه‌وی رابردوو لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی‌ قایمقامیه‌ت به‌ هاوبه‌شی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ و هێزه‌كانی‌ پۆلیس  له‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ به‌رفراواندا له‌ به‌ره‌ده‌م باخی‌ گشتی‌ و ناوچه‌ی‌ قڕگه‌ هه‌موو ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌یان لابرد كه‌ له‌لایه‌ن دووكاندار و كاسب كارانه‌وه‌ كرابوونه‌ سه‌رموڵكی‌ گشتی‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ شه‌قام و رێگه‌كان به‌كار هێنراون.
 
سۆران عه‌بدلغه‌فور، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی‌ قایمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌ رایگه‌یاند: له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یاندا توانیان هه‌موو ئه‌و زیاده‌ڕه‌وییانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن كاسبكارانه‌وه‌ كرابوونه‌ سه‌ر موڵكی‌ گشتی‌ لاببرێن.
راشیگه‌یاند: له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یاندا له‌ به‌رده‌م باخی‌ گشتی‌ و ناوچه‌ی‌ قڕگه‌ توانیان هه‌موو ئه‌و كۆشك و عه‌ره‌بانانه‌ لاببه‌ن كه‌ به‌شێوه‌ی‌ زیاده‌ڕه‌ویی‌ دانرابوون و هه‌روه‌ها ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌شیان به‌ خاوه‌نی‌ دووكان و سۆپه‌رماركێته‌كان لابرد كه‌ كرابوونه‌ سه‌ر مووڵكی‌ گشت و شۆسته‌و شه‌قامه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ به‌كار هێنرابوون.
سه‌رۆكی‌ لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی‌ قایمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌ وتیشی‌: “زۆربه‌ی‌ كاسب كاران پابه‌ند نه‌بوون به‌و سنووره‌ی‌ كه‌ بۆیان ده‌ستنیشان كرابوو به‌ڵكو به‌درێژایی‌ چه‌ندین مه‌تر له‌ دوكانه‌كانیانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و مه‌وادو كه‌ره‌سته‌كانیان هێناوه‌ته‌ ناوه‌راستی‌ شۆسته‌و شه‌قامه‌كان  و موڵكی‌ گشتیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان به‌كار هێناوه‌، بۆیه‌ زیاده‌ڕه‌وی كردنه‌ سه‌ر موڵكی‌ گشتی‌ كارێكی‌ نایاساییه‌و به‌پێی‌ یاسا رێگه‌ به‌هیچ كه‌سێك نادرێت زیاده‌ڕه‌وی بكاته‌ سه‌ر موڵكی‌ گشتی‌.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ عوسمان ئه‌بوبه‌كر، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كارگێڕی‌ قایمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌ رایگه‌یاند: له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یاندا هه‌موو زیاده‌ڕۆییه‌كانیان لابردووه‌ و خاوه‌نی‌ ماركێت و دووكانه‌دار و كاسب كاره‌كانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پابه‌ند بن به‌و سنوره‌ی‌ بۆیان ده‌ستنیشان كراوه‌.
ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد: چه‌ندین سكاڵای‌ هاوڵاتیانیان ئاڕاسته‌ كراوه‌ كه‌ به‌هۆی‌ زیاده‌ڕۆییه‌كانه‌وه‌ ئاسته‌نگی‌ زۆر له‌ به‌رده‌م رێڕه‌و ژیانی‌ رۆژانه‌یاندا دروست بووه‌.
وتیشی‌: “له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ماندا بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ خاوه‌نی‌ ماركێت و دووكانداره‌كان زیاده‌ڕه‌وی زۆریان كردووه‌ و گرفتی‌ گه‌وره‌یان له‌ به‌رده‌م ژیانی‌ خه‌ڵكیدا دروست كردووه‌”.
 
عوسمان ئه‌بوبه‌كر راشیگه‌یاند: پێشتر به‌نوسراوی‌ ره‌سمی‌ هه‌موو شوێنه‌كان ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ پابه‌ند بن به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانه‌وه‌ و زیاده‌ڕه‌وییه‌كانیان لابه‌رن، به‌ڵام پابه‌ند نه‌بوون و له‌سه‌ر فه‌رمانی‌ قایمقامی‌ سلێمانی‌ و له‌ روانگه‌ی‌ داكۆكی‌ كردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ هاوڵاتیان به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ هه‌موو فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یاندا و هه‌موو گه‌ڕه‌ك و شوێنه‌كان به‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌ و رێگه‌ناده‌ن هیچ كه‌سێك  موڵكی‌ گشتی‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ خۆی به‌كار بهێنێت.
 
ز.ر