زێباری: لە ئایندەیەكی نزیكدا مووچەی فەرمانبەران دەنێردرێ”

 
رۆژی پێنجشەممە 30ی تشرینی یەكەمی 2014، پەرلەمانی عێراق میوانداری هەریەك لە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی، عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت و سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانى كرد، لە دانیشتنەكەدا تاوتوێی‌ كەمی داهات و قەیرانی دارایی عێراق و پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كرا.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە:” هۆشیار زێباری راپۆرتێكی دایە پەرلەمانتاران كە وردەكاری داهات و خەرجییەكان و كورتهێنانی بودجەی ساڵی 2014 ی عێراقی تێدا خرابووەڕوو، بەپێی راپۆرتەكە هەموو عێراق داهاتەكەی 72 ترلیۆن 406 ملیار دینار بووە، لە كاتێكدا كورتهێنانی دارایی 79 ترلیۆن دینار بووە، پاشان چەندین خەرجی كەمراونەتەوە تاوەکو كراوەتە 77 ترلیۆن و پاشان كراوەتە 27 ترلیۆن دینار”، هۆشیار زێباری راشیگەیاندووە کە هەندێك خەرجی دیكەش كەمدەكەنەوە تا دەبێتە 21 ترلیۆن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت،” لەو 72 ترلیۆن و 406 ملیار دینارە، حكومەتی عێراق 65 ترلیۆنی خەرجكردووە كە زۆربەی بۆ بەكارخستن و دابینكردنی مووچەو پێداویستی بووە، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەش كردووە كە 7 ترلیۆن و 78 ملیار دینار ماون، وەزارەتی بەرگریش لە بەر شەڕی داعش یەك ترلیۆنی بردووە، زیاتر لە 3 ترلیۆن دیناریش وەكو قەرەبوو دراوەتەوە وڵاتی كوەیت، ئێستا داهاتی عێراق 2 ترلیۆن 587 ملیار دینارە، لە كاتێكدا 16 ترلیۆن دینار پارەی موستەحەقات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان قەرزدارە”.
ئەحمەد حاجی رەشید ئاماژە بەوە دەكات كە وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە، لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا سولفەیەك بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت بە مەبەستی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران. ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت‌:” بڕواناكەم ئەو بڕە پارەیە بنێردێت هەتا شاندەكەی هەرێمی كوردستان نەگاتە بەغداو قسە لەبارەی وردەكارییەكانی فرۆشتنی نەوتی كوردستان نەكرێت و هەردوولا رێكنەكەون”. ئەوەش دەخاتەڕوو كە 16 تریلۆنەكە بە یەكجار نانێردرێت و رەنگە ترلیۆنێك وەكو سولفەی یەكەم بنێردرێت.
 
ز.ر