ژاپۆن، 27 ملیون دۆلار بۆ ئاوارەكان تەرخان دەكات

 
30ی تشرینی یەكەمی 2014، بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی لە دوو كاتی جیادا پێشوازیكرد لە محەمەد ئاكیف كونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان و وەفدێكی باڵیوزخانەی ژاپۆن لە عیراق.
پارێزگار لەدیداریدا لەگەڵ كونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بۆ باردۆخی ئەمنیی و ئابوری پارێزگای سلێمانی و رەوشی ئاوارەكان كرد و رایگەیاند” هەرێمی كوردستان بووتە دورگەیەكی ئارام لە ناوچەكەدا و بەوهۆیەشەوە هەزاران ئاوارە رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە”
پارێزگار وتیشی: نزیكەی 300 هەزار ئاوارە لە شاری سلێمانی نیشتەجێ‌ بوون ، بەڵام هاوكارییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئاوارەكان زۆر خاوەو  هاوكارییەكانی حكومەتی ناوەندیش وەك پێویست نییە حكومەتی هەرێمیش قەیرانی دارایی هەیە، بۆیە زیاتر پشتمان بە هاوكاری هاووڵاتیان بەستووە بۆ بە هاناوەچوونی ئاوارەكان.
پارێزگار داواشی كرد حكومەتی توركیا زیاتر هاوكاری و پشتیوانی ئاوارەكان بكەن و یارمەتی حكومەتی هەرێم بدەن لەو رووەوە.
لەبەرامبەردا كونسوڵی توركیا وێرای پێداگری لەسەر هاوكاری و پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ ئاوارەكان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد ژمارەیەك بەرهەڵگری توركیا كۆمەكیان بۆ ئاوارەكان هێناوە بۆ هەرێمی كوردستان و چەند بارهەڵگرێك لەو كۆمەكانەش پێشكەش بە ئاوارەكان دەكرێت لە سلێمانی.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو لا گفتوگۆیان لەسەر كراو لەوە رووەشەوە كونسوڵی توركیا رایگەیاند: بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانییەكانیان لە بەرنامەیاندایە لە ماوەیەكی نزیكدا نوسینگەیەكی كونسوڵخانەی توركیا لە شاری سلێمانی بكەنەوەو بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەكاری كراوە.
لە لایەكی تر لە دیداریاندا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی، وەفدی باڵیوزخانەی ژاپۆن لە عیراق، رایانگەیاند بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان نوسینگەیەكی باڵیوزخانەكەیان لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە.
وەفدەكە تەئكیدیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ژاپۆن كردووە ، بە تایبەت لە بواری سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و بازرگانیدا.
سەبارەت بە ئاوارەكانیش وەفدی باڵیوزخانەی ژاپۆن رایانگەیاند: مانگی رابردوو حكومەتی ژاپۆن بڕی 19 ملیون دۆلاری پێشكەشی رێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە بۆ بەهاناوە چوونی ئاوارەكانی ناوخۆی عیراق  بە تایبەت بۆ دابینكردنی خۆراك و ئاو و پێداویستی تەندروستی بۆ ئاوارەكان.
ئاماژەیان بۆ ئەوەش كرد حكومەتی ژاپۆن وەك ئەندامێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بریاریداوە بەردەوام بێت لەسەر هاوكاری كردنی ئاوارەكان و لەو روووەشەوە لە ئەمساڵدا  بڕی 27 ملیون دۆلار هاوكاری ئاوارەكان كراوە.
لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی سوپاسی حكومەت و گەلی ژاپۆنی كرد، لەبەرامبەر ئەو هاوكاریانەدا 
پارێزگار  هیواشی خواست لەرێگەی كردنەوەی نوسینگەكەیانەوە زیاتر پەیوەندییەكانیان پەرەپێ‌ بدەن و دەروازە دیبلۆماسیەكانی نێوانیان فراوانتر بكەن.