وەزیری رۆشنبیری بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاریگەری لەسەر كاروچالاكی وەزارەتەكەمان دروست بووە

 
خالید دۆسكی وەزیری رۆشنبیری هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی سەرپەرەشتی كۆبوونەوەیەكی بۆردی پرۆژەكانی پایتەختی رۆشنبیری كرد و لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ئەو پرۆژانە كرا كە بۆ پێشخستی ژێرخانی رۆشنبیری لە شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری كوردستان ئەنجام دراون.
لە كۆبوونەوەكەدا ، تەئكید كرایەوە لەسەر چالاك كردنی هەنگاوەكانی پتەوكردنی ژێرخانی رۆشنبیری سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری كوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا، سەرجەم ئەو پرۆژانە خرانەبەر باس كە لەسەر بودجەی 20 ملیاری پایتەختی رۆشنبیری لە ساڵی 2013 خراوونەتە بواری جێ بەجێ‌ كردنەوە.
لەو رووەشەوە ئاماژە بۆ ئەوەكرا، لەسەر ئەو بودجەیە چەندین پرۆژە خراوەتە بواری جێ‌ بەجێ‌ كردنەوە كە بریتین لە نۆژەنكردنەوەی هۆڵ و شوێنە هونەرییەكانی سلێمانی و پەرەپێدانی زیاتری ژێرخانی رۆشنبیری لە شاری سلێمانی.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا دوای گفتوگۆیەكی تێروتەسەل لەسەر راپۆرتی پرۆژەكان، بریاردرا چاو بەبەشێك لە پرۆژەكاندا بخشێندرێتەوە و پێشنیاری ناوەندە رۆشنبیرییەكان و بوردی پایتەختی رۆشنبیری وەربگیرێت بۆ ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەكی نوێ‌ لە چوارچێوەی هەمان بودجەدا.
پاش كۆبوونەوەكە وەزیری رۆشنبیری هەرێمی كوردستان و پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا  تیشكیان خستەسەر ناوەڕۆكی كۆبووەكە.
وەزیری رۆشنبیری هەرێمی كوردستان تەئكیدكردەوە كە لە چوارچێوەی بریاری ناساندنی سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری چەندین هەنگاو نراوە و بەردەوامیش دەبن لە هەنگاونانی زیاتر و پرۆژەی زیاتر بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی رۆشنبیری شاری سلێمانی و هەوڵدەدەن ساڵانە بودجەیەكی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بكرێت.
وەزیری رۆشنبیری ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاریگەری لەسەر كاروچالاكی وەزارەتەكەیان دروست بووەو و لەو چوارچێوەیەشدا كاریگەری لەسەر پرۆژەكانی پایتەختی رۆشنبیری لەسلێمانی كردووە.
وەزیری رۆشنبیری وتیشی: وەك گرینگیدانێك بە شاری سلێمانی و بایەخی ئەم شارە لە بواری رۆشنبیریدا بریاریداوە دوو هەفتەجارێك رۆژێك لەشاری سلێمانی دەوامی رەسمی خۆی بكات و دواتریش ئەوە بكات بە هەفتەی رۆژێك و زیاتریش.
هەروەك لە كۆبوونەوەكەشدا خەڵاتی رێزلێنانی بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی   پێشكەشی پارێزگار كرا.
 
ز.ر