پێداچونەوە بە شێوازى کارکردنى کۆمپانیا گەشتیارییەکان و نوسینگەکانى گواستنەوەدا دەکرێت و لەیەک سیستمى پێشکەوتوودا کارەکانیان رێکدەخرێت ، هەروەها لە رووى ئاسایشەوە رێوشوێنى توندتر دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەى رێگرى لە هاتنەوەوەى کەسانى هەڵهاتوو لە یاسا بکرێت،
ئەمڕۆ دووشەممە 27/10، لە دیوانى قائیمقامیەت ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى لەگەڵ خاوەنى ژمارەیەک لە کۆمپانیا گەشتیاریەکان و نوسینگەکانى گواستنەوەدا کۆبوویەوە و رایگەیاند دەیانەوێت لە بەر رۆشنایى بەرژەوەندى گشتى و پاراستنى ئارامى و ئاسایشى هەرێمى کوردستان پێداوچونەوە بە شێوازى کارکردنى هەموو ئەو کۆمپانیا گەشتیاریانەدا بکەن کە گەشتیاران لە رێگەیانەوە سەردانى وڵاتانى جیهان و دەوروبەر دەکەن و هەروەها ئەو نوسینگانەش کە هاوڵاتیان بۆ شارەکانى ناوخۆى هەرێم دەگوازنەوە ،
لە کۆبوونەوەکەدا قائیمقامى سلێمانى رایگەیاند کارەکانى هەموو کۆمپانیاگەشتیاریەکان و نوسینگەکانى گواستنەوە لە شارى سلێمانى لە یەک سیستمى پێشکەوتوودا یەک دەخەن بەجۆرێک کە گەشتیاران و هاوڵاتیان بەبێ هیچ ئاستەنگ و گرفتێک لەرێگەیانەوە گەشت بکەن و هەروەها ئەو خزمەتگوزاریانەى کە پێشکەشیان دەکەن لە ئاستێکى باش و پێویستدا بێت، روونشى کردەوە پێویستە کۆمپانیاکان پابەندى هەموو ئەو رێوشوێن و رێنماییانەبن کە بۆیان دەستنیشان کراوە بۆ ئەوەى سیستمى گواستنەوە و کەرتى گەشتیارى بەرەو پێشچونى زیاتر هەنگاو بنێت ،
لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا ئاوات محەمەد رایگەیاند لە رووى پاراستنى ئاسایشەوە رێوشوێنى توندتر دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەى کارکردنى کۆمپانیا گەشتیارى و نوسینگەکانى گواستنەوە بەجۆرێک رێکبخرێت کە ئاسایشى نیشتیمانى نەکەوێتە مەترسیەوە و رێگرى لە کەسانى نیاز خراپ و هەڵهاتوو لە یاسا بکرێت ، لە بارەى گرفت و کێشەکانى کۆمپانیا گەشتیارى و نوسینگەکانى گواستنەوەوە قائیمقامى سلێمانى لایەنە پەیوەندیدارەکانى راسپارد لەم رووەوە هەنگاوى پێویست بنێن و لە روانگەى داکۆکى کردن لە بەرژەوەندى گشتى چارەسەرى گرفت و ئاستەنگەکان بکرێت ، بڕیاریشدرا بۆ زیاتر رێکخستنى کارەکانیان لە ئایندەیەکى نزیکدا کۆبوونەوەیەکى فراوانتر رێکبخرێت.
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی