لەکاتێکدا بەهۆى جەنگى دژە تیرۆر و دروستبونى قەیرانى دارایى و ئەمنییەوە جگە لە پێشانگاى نێودەوڵەتى بەغدا نەتوانراوە هیچ پێشانگایەکى نێودەوڵەتى لە عێراق و هەرێمدا بکرێتەوە،ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانیش وەک بەرهەڵستییەک بۆ تیرۆرستان و نەیارانى هەرێم پێشانگاى سلێمانى نێودەوڵەتى دەیەم لە شارى سلێمانى دەکاتەوە.
ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت لە 14 بۆ 17 -11-2014 پێشانگاى سلێمانى نێودەوڵەتى دەیەم بە بەشدارى ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانى وڵاتانى جیهان دەکاتەوە .
ژورى بازرگانى سلێمانى جەخت لەوەشدەکاتەوە کە بەشدارى وڵاتانى جیهان لە پێشانگاکەدا بەهێزتر بون ى پێگە و پەیوەندى هەرێم لەسەر ئاستى جیهان نیشاندەدات .
ئاماژە بەوەشدەکات، هەرێمى کوردستان و شارى سلێمانى ئەمنیەتى پارێزراوە و هەموو کۆمپانیایەکى جیهانى دەتوانن بە دڵنیاى و پارێزیەوە بێنە شارى سلێمانى و بەشدارى لە پێشانگاکەدا بکەن.
بەمەبەسى زیاتر ئاگاداربون لەشێوازى کردنەوە و بەڕێوەچونى پێشانگاى سلێمانى نێودەوڵەتى ئەمڕۆ سێشەممە 28/10/2014 لە ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى یاسین ڕەحیم جێگرى یەکەمى ژورى بازرگانى و سەرپەرشتیارانى پێشانگاکە لەگەڵ نوێنەرانى بەڕێوەبەرانى فەرمانگە حکومیەکانى شارى سلێمانى کۆبونەوە بەمەبەستى هەماهەنگى زیاتر و بەرەو پێشبردنى کردنەوەى پێشانگاکە کە بڕیارە لە 14/11 تا 17/11 بەردەوام دەبێت.
یاسین ڕەحیم لە وتەیەکدا ئاماژەى بەوەدا” شارى سلێمانى جیاواز لە هەموو شارەکانی دیکەى هەرێمى کوردستان و بەتایبەت عێراقیش پێشانگاى سلێمانى نێودەوڵەتى دەیەم دەکاتەوە”
وتیشى” لە ئێستادا کە عێراق بەگشتى و هەرێمى کوردستان بە تایبەتى لە شەڕێکى گەورەى دژ بە تیرۆرستانن، بەڵام ئێمە وەک ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى بڕیارمانداوە ئەم جوڵەیە نەوەستێت بەردەوامبێت لەڕوى بازرگانیەوە ئەوە بسەلمێنین کە دەمانەوێت ڕوى بازرگانى بە کۆمپانیاکانى جیهان پیشانبدەین تا بتوانن بەردەوامبن لە کارى بازرگانى و برەودان بە هەرێم و شارى سلێمانى” .
لەکۆبونەوەکەدا داوا لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکان کرا کە هاوکاربن لە سەرخست و بەرەو پێشبردنى ئەم پێشانگایە کە ساڵانە ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى دەیکاتەوە.
پێشانگاى سلێمانى نێودەوڵەتى دەیەم لە ڕۆژى 14-17/11/2014 دەکرێتەوە کە تائێستا زیاتر لە 70 کۆمپانیاى وڵاتانى جیهان بەشداریان تێداکردووە ڕێژەکەش بەرەو زیاتر دەڕوات.







