حكومه‌ت میلاكی فه‌رمانبه‌رانی ده‌گۆڕێت

 
به‌پێی فه‌رمانێكی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، میلاكاتی هه‌موو وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكان به‌ دیجیتاڵی ده‌كرێت.



به‌پێی ئه‌و فه‌رمانه‌، وه‌زاره‌تی دارایی راسپێردراوه‌ پڕۆژه‌ی به‌ دیجیتاڵكردنی میلاكی وه‌زیفه‌ی گشتی له‌  حكومه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی مۆدێرن و هاوچه‌رخ جێبه‌جێ بكات، كه‌ راسته‌وخۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌  له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌بێت و سودیش له‌ ئه‌زمونی هاوشێوه‌ له‌ وڵاتان وه‌رده‌گیرێت.



راوێژكارێك له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ شاره‌زایه‌ له‌ بواری ئای تی هه‌ماهه‌نگی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ ده‌كات، هاوكات فه‌رمانگه‌ی ته‌نكه‌لۆژیای زانیاریی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش هاوكار و هه‌مانگی ته‌نكنیكی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌كات.



به‌پێی ناوه‌رۆكی فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكانی حكومه‌ت ده‌بێت بۆ كارئاسانی و هه‌ماهه‌نگی كار بۆ سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌كه‌ بكه‌ن.



سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌زاره‌تی دارایی راسپاردوه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ قۆناغه‌كانی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می راپۆرتی ده‌وری پێشكه‌ش بكات.



چێنه‌ر خه‌فاف، به‌رێوه‌به‌ری گشتی كارگێری و دارایی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ (باس)ی راگه‌یاند، حكومه‌ت له‌ رێگه‌ی پڕۆژه‌یه‌ك سیسته‌می میلاكاتی خۆی ده‌گۆڕێت و چاكسازی تێدا ده‌كات، وتیشی: “ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كه‌مكردن و زیادكردنی  فه‌رمانبه‌ران نیه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ندێك شوێن و فه‌رمانگه‌ فه‌رمانبه‌ر زیاده‌ و له‌ هه‌ندێك شوێنی تر كه‌مه‌، ئه‌وه‌ دووباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت و به‌پێی  سود لێوه‌رگرتنیان دابه‌شبونیان بۆ ده‌كرێت”.



به‌پێی  ئامارێكی وه‌زاره‌تی  دارایی كه‌ ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان 700 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌، به‌ڵام  به‌شێك له‌وانه‌ ده‌وام ناكه‌ن كه‌ پێیان ده‌وترێت (بندیوار). چێنه‌ر خه‌فاف، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌و سیسته‌مه‌ وه‌سفی میلاكات به‌شێوه‌ی سه‌رده‌می داده‌رێژرێته‌وه‌ و سود له‌ ته‌كنه‌لۆژیای تازه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ وه‌رده‌گیرێت، وتیشی: “له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌نگاوی باش به‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌ستی پێكردوه‌، وه‌زاره‌تی دارایی رێنمایی تایبه‌تی بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌بێت، بۆیه‌ش پڕۆژه‌كه‌ به‌ وه‌زاره‌تی دارایی سپێردراوه‌ و هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانیش پابه‌ند ده‌بن پێوه‌ی.



رێباز محه‌مه‌د وه‌زیری دارایی به‌ (باس)ی راگه‌یاند، به‌نیازن له‌ رێگه‌ی به‌ دیجیتاڵكردن مه‌به‌ستیانه‌ میلاكات رێكبخه‌نه‌وه‌، وتیشی: “كێشه‌ی زۆر له‌  میلاكاتی فه‌رمانگه‌كان هه‌یه‌، له‌ رێگه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ین و بتوانین ئاگاداری هه‌موو گۆڕانكاریه‌كانی میلاك بین له‌ رێگه‌ی به‌ دیجیتاڵكردنه‌وه‌”.