كرێكارێك پاره‌و ئۆتۆمبێلی به‌ڵێنده‌ره‌كه‌ی خۆی دزی

له‌ گه‌ڕه‌كێگی شاری كه‌ركوك كرێكارێك به‌ ڵێنده‌ره‌كه‌ی خۆی ده‌رووتێنێته‌وه‌و ئۆتۆمبێل و پاره‌كه‌ی لێده‌سه‌نێت و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵدێت، سه‌رچاوه‌یه‌كیش رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌و راده‌ستی به‌ڵێنده‌ره‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌. 
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند:  شه‌وی رابردوو له‌ ناوچه‌ی رێگه‌ی به‌غدای شاری كه‌ركوك و پشت مزگه‌وتی (نورئه‌لكه‌بیر) به‌ڵێنده‌رێك له‌ لایه‌ن كرێكاره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌رووتێنرێته‌وه‌و ئۆتۆمبێل و پاره‌كه‌ی لێده‌فرێنێت و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵدێت.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نووسینگه‌ی نه‌هێشتنی تاوان له‌ بنكه‌ی پۆلیسی عه‌داله‌ی شاری كه‌ركوك هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ خه‌ندان پشتراستكرده‌وه‌و وتی: “له‌ دره‌نگانی شه‌وی رابردوو هاوڵاتیه‌ك به‌ مه‌به‌ستی سكاڵا رووی له‌ نووسینگه‌ كه‌مان كردوو رایگه‌یاند كه‌ له‌ لایه‌ن كریكاره‌كه‌یه‌وه‌ برێكی زۆر پاره‌و ئۆتۆمبیله‌كه‌ی لێ دزیوه‌.
وتیشی ئه‌و هاوڵاتییه‌ پیشه‌ی به‌ڵێنده‌ره‌و ناوی (ع م).
سه‌رچاوه‌كه‌ روونیشیكرده‌وه‌ به‌ وته‌ی به‌ڵێنده‌ره‌كه‌ بێت به‌ نیازبووه‌ كرێكاره‌كه‌ی كه‌ ناوی (م م) بگه‌یه‌نێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ به‌ڵام له‌ ناوچه‌ی رێگه‌ی به‌غداو پشتی مزگه‌وتی (نورئه‌لكه‌بیر) ده‌مانچه‌ی لێده‌ركردووه‌و هه‌ره‌شه‌ی كوشتنی لێكردووه‌ ئه‌گه‌ر له‌ئۆتۆمبێله‌كه‌ دانه‌به‌زێت و دواتر بڕی 20 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كه‌ جۆری بیكاب ده‌بڵه‌، لێیده‌سه‌نێت و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵدێت”.
سه‌رچاوه‌كه‌ وتیشی: “ده‌سبه‌جێ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك و خاڵه‌كانی پشكنینی لێ ئاگادار كرایه‌وه‌ ئه‌وه‌بوو له‌ ناوچه‌ی رێگه‌ی به‌غداو نزیك بازاری سه‌ر دۆمیز توانرا ئۆتۆمبێله‌كه‌ بدۆزرێته‌وه‌و راده‌ستی خاوه‌نه‌كه‌ی بكرێته‌وه‌”.
سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی وت: “ئه‌و كرێكاره‌ی كه‌ ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامداوه‌ خه‌ڵكی پارێزگای ئه‌نباره‌و به‌ مه‌به‌ستی كاركردن و هه‌ره‌ك به‌ هۆی خراپی بارودۆخی ئه‌منی شاره‌كه‌یانه‌وه‌ رووی له‌ شاری كه‌ركوك كردووه‌ و لێكۆَڵینه‌وه‌ش له‌ رووداوه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌”.