زانیاری لەسەر بڕی ئەو باینجانەی لە هەرێمدا بەكاردەبرێت

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لەماوەی 7 ساڵدا بڕی 291 ھەزار و 549 تۆن باینجانیان بەکاربردووە، زۆرترین بڕی باینجانی بەکاربراو لە ساڵی 2010 دا بووە کە 65 ھەزار و 691 تۆن باینجان بەکاربراوە.
 
بەپێی ھەمان سەرچاوە، بەرھەمی باینجانی ناوخۆ و بیانی یەکسانن لەرووی بڕەوە وەک لەئامارەکەدا ھاتووە, ساڵی 2007 بڕی 27 ھەزار و 807 تۆن باینجان لەھەرێمی کوردستاندا بەکاربراوە, 16 ھەزار و 81 تۆنی بەرھەمی ناوخۆ بووە, کە دەکاتە 53%ی کۆی گشتی, 11 ھەزار و 726 تۆنیش باینجانی ھاوردە بووە, کە دەکاتە 47%ی کۆی باینجانی بەکاربراو لەساڵی 2007.
 
ساڵی 2008 بڕی باینجانی بەکاربراو 5 ھەزار و 594 تۆن زیادی کردووە و بووە بە 33 ھەزار و 401 تۆن, لەم رێژەیە 25 ھەزار و 40 تۆنی بەرھەمی ناوخۆ بووە, واتە رێژەی باینجانی ناوخۆ بووە بە 75%, بڕی 8 ھەزار و 361 تۆن باینجانیش ھاوردە کراوە, کە دەکاتە 25%ی کۆی گشتی باینجانی بەکاربراو لەساڵی 2008, لە ساڵی 2009 بڕی باینجانی بەکاربراو 4 ھەزار و 700 تۆن زیادی کردووە و بووە بە 38 ھەزار و 101 تۆن.
 
ساڵی 2010 باینجانی ھاوردە لە باینجانی ناوخۆ زۆرتر بوو
ساڵی 2010 بەبەراوورد بەساڵی 2009 بڕی باینجانی بەکاربراو 27 ھەزار و 590 تۆن زیادی کردووە و بووە بە 65 ھەزار و 691 تۆن, لەم رێژەیە 26 ھەزار و 674 تۆنی بەرھەمی ناوخۆ بووە, واتە ئەگەرچی بەرھەمی ناوخۆ لەساڵی 2010 بڕی 3 ھەزار و 445 تۆن زیادی کردووە, بەڵام لەرێژەی گشتی 13%دابەزیوە, بڕی 39 ھەزار و 17 تۆنیش باینجان ھاوردەکراوە, واتە رێژەی 62% ھاوردە زیادی کردووە,.
 
ساڵی 2011 ھاوکێشەکە پێچەوانە بووەوە
ساڵی 2011 بڕی باینجانی بەکاربراو بەبەراوورد بەساڵی 2010دا, 27 ھەزار و 312 تۆن کەمی کردووە و بووە بە 38 ھەزار و 379 تۆن, کە 20 ھەزار و 94 تۆنی باینجانی ناوخۆ بووە, واتە ئەگەرچی بڕی باینجانی ناوخۆ 6 ھەزار و 580 تۆن کەمی کردووە کە دەکاتە رێژەی 33%, بەڵام لە رێژەی گشتی بەرزبووەتەوە, باینجانی ھاوردەکراویش 20 ھەزار و 732 تۆن کەمی کردووە و بووە بە 18 ھەزار و 285 تۆن, واتە رێژەی 113% ھاوردەکردن کەمی کردووە.
 
ساڵی 2012 بەبەراوورد بە ساڵی 2011 بڕی باینجانی بەکاربراو 2 ھەزار و 823 تۆن زیادی کردووە, واتە باینجانی بەکاربراو لەساڵی 2012 بووە بە 41 ھەزار و 202 تۆن, لەم رێژەیە 23 ھەزار و 857 تۆنی باینجانی ناوخۆ بووە, کە دەکاتە رێژەی 58%, بڕی 17 ھەزار و 345 تۆن باینجانیش ھاوردەکراو بووە, کە دەکاتە رێژەی 42%, 
 
ساڵی 2013 باینجانی خۆماڵی و ھاوردە یەکسان دەبن لە رێژە
ساڵی 2013 بڕی باینجانی بەکاربراو 5 ھەزار و 766 تۆن زیادی کردووە و بووە بە 46 ھەزار و 968 تۆن, لەم ساڵەدا رێژەی باینجانی ھاوردە ئەگەرچی 26% زیادی کردووە, بەڵام نەیتوانیوە جێ بەبەرھەمی ناوخۆ چۆڵ بکات و تەنیا گەیشتۆتە رێژەی 50% لە کۆی باینجانی بەکاربراو.
 
باینجان لە خانووی پلاستیکیدا بە 70 رۆژ پێدەگات، ئەمە گوتەی حوسێن حەمەکەریم بەڕێوەبەری گشتی دارستان و پاوان و باخدارییە بۆ (باسنیوز) و گوتیشی ‘وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پاڵپشتی تەواوی ئەو جوتیارانە دەکات کە باینجان دەچێنن وەکو چۆن پاڵپشتی بەرھەمەکانی دیکە دەکات’.
سەبارەت بە بەرھەمی ھاوردە کراویش گوتی ‘اینجان لە وڵاتانی دراوسێ و خوارووی عێراقەوە ھاوردە دەکرێت’.
 
بەگشتی ئەو جۆرە باینجانانەی لە ھەرێمی کوردستاندا دەچێندرێن بریتین لە, (وەفیر, جەواھیر بیلاکستار, بەرشلۆنە و ئەندریا)ن ئەمانە لە کێڵگەی کراوە و لە خانووی پلاستیکیشدا دەچێندرێت. 
 
باینجان لەساڵی 2014دا ھاوردەکردنی لە 17-111 قەدەغە کراوە چونکە لەو ماوەیەدا باینجانی ناوخۆ پێ دەگات.