ئەوانەی لەگەڵ داعش بازرگانی نه‌وتیان کردووە له‌ سێداره‌ ده‌درێن

لێژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ دۆسیه‌كانی بازرگانه‌ كورده‌كانی نه‌وت له‌گه‌ڵ داعش، پێكده‌هێنرێ و هه‌ر كامێكیان كه‌یسه‌كانیان ره‌وانه‌ی دادگای سه‌ربازی بكرێت، به‌ خیانه‌تی نیشتمانی تۆمه‌تبار ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر له‌ دادگاش به‌سه‌ریاندا ساخ بێته‌وه‌ له‌ سێداره‌ ده‌درێن.
 
سایتی باس نیوس بڵاویكردۆتەوە، دۆسیه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تۆمه‌تباری ئه‌وه‌ن كه‌ بازرگانیی نه‌وتیان له‌گه‌ڵ داعش كردووه‌، كه‌ هه‌ندێكیان له‌ ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانن، كراونه‌ته‌ دوو به‌ش و دوو دۆسیه‌یان ره‌وانه‌ی دادگای مه‌ده‌نی كراوه‌ و ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ش لێژنه‌یه‌كی تایبه‌تیان بۆ پێكهێنرا، ئه‌گه‌ر به‌ به‌ڵگه‌ به‌سه‌ریاندا ساخ بووه‌وه‌، كه‌یسه‌كانیان ره‌وانه‌ی دادگای سه‌ربازیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێن و ئه‌گه‌ری زۆریش ئه‌وه‌یه‌ سزاكه‌یان له‌سێداره‌دان بێت، چونكه‌ تۆمه‌ته‌كه‌یان خیانه‌تی گه‌وره‌ی نیشتمانییه‌.
به‌پێی په‌یڕه‌وی ژماره‌ 7ی ساڵی 2011ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌ 3/10/2011 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌رچووه‌،  له‌ ماده‌ی 94ی ئه‌م په‌یڕه‌وه‌دا ئاماژه‌ به‌ دروستكردنی دادگای ته‌میزی سه‌ربازی كراوه‌، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێستا ئه‌و دادگایه‌ كاری یاسایی خۆی ده‌كات.
 
له‌ خاڵی یه‌كه‌می پێكهێنانی دادگاكه‌دا هاتووه‌: ‘ئه‌و دادگایه‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازییه‌ له‌ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نییه‌ له‌سه‌رووی بێت ته‌نیا یاسا نه‌بێت’.
ئه‌ركی ئه‌و دادگایه‌ وردبینیكردنی ئه‌و بڕیارانه‌یه‌ كه‌ له‌ دادگا سه‌ربازییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌رده‌چن.
كاری دادگاكه‌ش جگه‌ له‌ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كانی دادگا سه‌ربازییه‌كان و یاسای سزا سه‌ربازییه‌كان، ده‌توانێ چه‌ند بڕیار و سزایه‌كیش ده‌ربكات وه‌كو ‘ده‌ركردنی بڕیاری له‌سێداره‌دان و دووباره‌كردنه‌وه‌ی دادگایی و بڕیاردان له‌سه‌ر دۆسیه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان’.
عه‌مید هه‌ڵگورد حیكمه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و رۆشنبیری له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، بۆ (باس) گوتی: “لێكۆڵیه‌نه‌وه‌ له‌و كه‌یسه‌ به‌رده‌وامه‌ و هه‌ر كامیان به‌ به‌ڵگه‌ به‌سه‌ریدا ساخ بووه‌وه‌، سزایه‌كی توند ده‌درێت”.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پێشمه‌رگه‌ گوتیشی: “ئه‌و كه‌یسانه‌ له‌ دادگای ته‌میزی سه‌ربازی و دادگای مه‌ده‌نی یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌ر یه‌كه‌ی به‌پێی جۆری تاوانه‌كه‌ی ده‌بێت”.
ئاشكراشی كرد، هه‌ندێك له‌و دۆسیانه‌ی كه‌ هه‌ن ره‌وانه‌ی دادگای مه‌ده‌نی كراون و تیایه‌تی له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكانی هه‌رێمن، به‌ڵام ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پێشمه‌رگه‌، تاوه‌كو ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌كان پشتڕاستیان نه‌كردووه‌ته‌وه‌، تاوه‌كو پشتڕاستیش نه‌كرێته‌وه‌ و دوا ئه‌نجام نه‌بێت، ناتوانن ناوی كه‌سه‌كان ئاشكرا بكه‌ن.
گوتیشی: “ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كان ره‌وانه‌ی دادگای سه‌ربازی بكرێن، سزای له‌سێداره‌دان له‌و دادگایه‌دا ماده‌ی یاسایی هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاری ئه‌وانه‌ به‌ خیانه‌تی گه‌وره‌ی نیشتمانی داده‌نرێت و هیچ مه‌جالێكی لێخۆشبوون یان سوككردنی نییه‌”.
 
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد: “هه‌ندێك ئه‌فسه‌ری پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبارن، ده‌ركه‌وتووه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان له‌سه‌ر نییه‌ و ناویشیان زڕاوه‌”.
شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لێژنه‌ی نه‌وت و غاز له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار به‌دواداچوونیان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ كردووه‌، ئاشكرای كرد، تا ئێستا 11 كه‌س به‌و تۆمه‌ته‌ ده‌ستگیر كراون و ژماره‌كه‌ش به‌رده‌وام له‌ زیادبووندایه‌، چونكه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كه‌ به‌رده‌وامیی هه‌یه‌، هه‌ندێكیشیان ره‌وانه‌ی دادگای سه‌ربازی ده‌كرێن.
ئاشكراشی كرد، ئه‌و لێژنه‌یه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێكهاتووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و سامانه‌ سروشتییه‌كان ئه‌ندامن تیایدا و رۆژانه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێ كه‌ تۆمه‌تباری ئه‌و دۆسیه‌یه‌ن.
هاوكات ئاری هه‌رسین سه‌رۆكی لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ (باس) جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ته‌واوی زانیاریان له‌به‌رده‌ستدایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بازرگانییان به‌ نه‌وته‌وه‌ كردووه‌ له‌گه‌ڵ داعش و هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌یان له‌و دۆسییه‌یه‌ ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه‌.
راشیگه‌یاند، هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ ده‌بێ گه‌وره‌ترین سزا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دیاری بكرێت.