بۆ دۆسیه‌كه‌ی ره‌فیق حه‌ریری557 شایه‌ت بانگ ده‌كرێن

داواكاری گشتی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ تیرۆركردنی ره‌فیق حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی لوبنان، به‌نیازه‌ 557 شایه‌ت بانگ بكاته‌ دادگا.
نۆرمن فاریل، داواكاری گشتی له‌ دادگای لاهایی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند: بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسییه‌كه‌ی ره‌فیق حه‌ریری، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی لوبنان، دادگا وته‌ی 557 شایه‌ت وه‌رده‌گرێت و زیاتر له‌ 450 كاژمێریش دیاریكراوه‌ بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌.
پێشتر و له‌سه‌ر دۆسیه‌ی تیرۆركردنی حه‌ریری، دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌لاهای فه‌رمانی ده‌ستیگركردنی بۆ چوار ئه‌ندامی حزبوڵای لوبنانی ده‌ركرد و پۆلیسی ئینته‌رپوڵیش له‌وكاته‌وه‌ گڵۆپی سووری بۆ ده‌ستگیركردنیان هه‌ڵكردووه‌و بڕیاریشه‌ دادگایی كردنی ئه‌و چوار تۆمه‌تباره‌ له‌ مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.
له‌ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆرستیدا له‌ ساڵی 2005 ره‌فیق حه‌ریری، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ی لوبنان گیانی له‌ده‌ستداو له‌دوای ئه‌و رووداوه‌شه‌وه‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كه‌و سزادانی تاوانباران دراوه‌ته‌ ده‌ست دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ لاهایه‌.