سلێمانی خۆی بۆ روبەڕوبونەوەی لافاو ئامادە دەكات

بەپێی پێشبینی سەرچاوە كەشناسییەكان چاوەڕێ دەكرێت ئەمساڵ شەپۆلێكی باران بارین بەهێز هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەیەكی زیاتر باران و بەفر ببارێت, لە شاری سلێمانیش لایەنەپەیوەندیدارەكان هەر لە ئێستاوە سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ ئەوەی لە ئەگەری زریان و باران بارینی بەهێزدا مەترسی بۆ سەر ژیان و ماڵی هاوڵاتیان دروست نەكات و كاریگەری زیانەكان كەمتر ببێتەوە .
پەیوەست بەم لایەنەش 19/10, لە شاری سلێمانی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكاندا كۆبوویەوە و تێیدا تاوتوێی گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی پێویست كرا بۆ ئەوەی لە كاتی زریان و باران بارینی بەهێزدا بگرێتەبەر.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا قائیمامی سلێمانی رایگەیاند دەیانەوێت بەر لە سەرهەڵدانی ئەو شەپۆلی باران بارینە چاوەڕوان كراوە رێوشێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتیان و كەمكردنەوەی ئەو زیانانەی كە لە ئەنجامی زریان و لافاودا ئەگەری سەرهەڵدانی لێ دەكرێت , ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد هەموو ئامادەكارییەكی پێویست كراوە و لەكاتی پێویستدا تیمەكانی فریاگوزاری بەهانی هاوڵاتیانەوە دەچن و رێگری تەواو دەكەن لە كەمكردنەوەی كاریگەری زریانەكان.
ئاوات محەمەد راشیگەیاند پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ شەپۆلێكی باران بارینی بەهێز هەرێمی كوردستان بگرێتەوە كە چاوەڕوان دەكرێت ئەو رێژەیەی كە دەبارێت بگاتە ئاستی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو ئەمەش پێویستی بەوەیە كە جیا لە ساڵانی رابردوو ئامادەكاری زیاتر بكرێت وەك هەوڵێك بۆ رێگری كردنێك لە رووداوی سروشتی و زیان گەیاندن بە سەرو ماڵی هاوڵاتیان ,
قائیمقامی سلێمانی راشیگەیاند بەهەماهەنگی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان تیمی فریاگوزاریان پێكهێناوە و لەكاتی لافا و بەفربارینی زۆردا لە زووترین كاتدا بەهانای هاوڵاتیانەوە دەچن و رێگری لە كەمكردنەوەی زیانەكان دەكەن, ووتیشی بۆ ئەوەی كارەكانیان بەشێوەیەكی باش و بەبێ گرفت جێبەجێ بكەن داوایان لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم كردووە بودجەیەكی تایبەت بۆ ئەم بوارە دابنرێت.